بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی نەوت ئەمەریكا بەرپرسێكی باڵا رەوانەی سعوودیە دەكات
واشنتن دەستی بە ئامادەكارییەكانی كردووە
K24- هەولێر:
ئەمەریكا بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەی بەمەبەستی هێوركردنەوەی جەنگی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزەی جیهان رەوانەی سعوودیە دەكات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئەمەریكا بەنیازە بەرپرسێكی پلە باڵای حكوومەتەكەی رەوانەی سعوودیە بكات، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو گرژیانە دابنێن، كە لە بازاڕی وزەی جیهان هاتووەتە ئاراوە.
رۆیتەرز لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی كە ئاماژەی بە ناوەكانیان نەكردووە، گواستییەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو باوەڕەدایە، نقومكردنی بازاڕەكانی وزەی جیهان بە نەوت لەلایەن سعوودیەوە، هۆكاری داتەپینی ئابووری جیهانە، لەو كاتەدا، كە گەورەترین قەیران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا باڵی بەسەر جیهاندا كێشاوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشداوە، واشنتن ئامادەكاری بۆ ناردنی بەرپرسێكی پلە باڵا بۆ ریاز دەكات، بۆ ئەوەی پشتگیری هەوڵەكانی سەقامگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی وزە بكەن.
ئەو سەرچاوانە جەختیان كردووەتەوە، ئەو كەسەی سەردانی سعوودیە دەكات، بەرپرسێكی پلە باڵای وەزارەتی وزەی ئەمەریكایە و لەگەڵ بەپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەوڵەكانیان بۆ ئەو مەبەستە چڕ دەكەنەوە.
H.B