بەهۆی كۆرۆنا قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرانسەری ئوردن راگەیەندرا

هەر كەسێك سەرپێچی بكات دەچێتە زیندانەوە

K24- هەولێر:

وەزیری دەوڵەتی ئوردن بۆ كاروباری راگەیاندن فەرمانی بەرگری ژمارە 2ی راگەیاند، كە بریتییە لە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بەسەر تەواوی ناوچەكانی ئەو وڵاتەدا.

ئەمجەد عەزایلە، وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری راگەیاندنی ئوردن ئاشكرایكرد، لە كاتژمێر 7:00ی سەرلەبەیانی سبەی 21ی مارسی 2020 بڕیارەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

دووپاتیشی كردەوە، هەر كەسێك سەرپێچی فەرمانەكە بكات بە زیندانیكردنی ماوەی نزیكەی ساڵێك سزا دەدرێت.

بڕیارەكە جەخت لەسەر داخستنی تەواوی ماركێت و فرۆشگاكانی ئەو وڵاتە دەكاتەوە و سەرلەبەیانی رۆژی 24ی ئەم مانگەش ئەو كاتانە رادەگەرەندرێن، كە رێگە بە هاووڵاتیان دەدرێت بۆ دابین كردنی پێداویستییەكانی رۆژانە سەردانی فرۆشگاكان بكەن.

وەك لە بڕیارەكەشدا هاتووە، ئەو رێكارە ئەو كەسانە ناگرێتەوە، كە لەلایەن سەرۆك وەزیران و وەزیری بەرگرییەوە رێگەیان پێدراوە.

هاوكات ئەو حاڵەتانەش كە پەیوەندییان بە نەخۆش و فریاگوزارییەوە هەیە، پێویستە هاووڵاتیان پەیوەندی بە ئاسایشی گشتیی و بەرگری شارستانییەوە بكەن، بۆ ئەوەی بەهانایانەوە بچن و هەرچی پێویست بێت بۆیان جێبەجێ بكەن.

ئەمە دوای ئەوە هاتووە، دوێنێ وەزارەتی تەندروستی ئوردن رایگەیاند، حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان بۆ 69 حاڵەت بەرز بووەوە، بەڵام ئەمڕۆ هیچ ئامارێكی دیكە لەبارەی ئەو پەتایە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە بڵاونەكراوەتەوە.

H.B