لە هۆڵەندا 30 كەسی دیكە بەهۆی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ژمارەی تووشبووان لە 3 هەزار حاڵەت نزیك دەبێتەوە

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا رایانگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 30 كەس بەهۆی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی كۆی ئەوانەی بەهۆی پەتاكەوە مردوون، بوو بە 106 كەس.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە ئاشكرایانكردووە، دوای ئەوەی لە ماوەی شەو و رۆژێكدا 534 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە پشتڕاست كرایەوە، ژمارەی كۆی تووشبووانی ئەو وڵاتە بوو بە 2994 حاڵەت.

ئەمەش لەكاتێكدایە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا تا دێت زیاتر دەبێت و تا ئێستا بە هەزاران كەس لە ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، بەریتانی و ئەڵمانیا تووشی ڤایرۆسەكە بوونە و بە سەدان حاڵەتی مردنیش بەهۆی پەتاكە تۆماركراون، كە زۆربەیان لە وڵاتی ئیتاڵیان. 

H.B