پێنتاگۆن تووشبوونی 174 سەربازی ئەمەریكیی بە كۆرۆنا پشتڕاست كردەوە

چەندین فەرمانبەری مەدەنی و خانەنشینكراوی وەزارەتەكەش تووشی ڤایرۆسەكە بوونە

K24- هەولێر:

لە بەیاننامەیەكدا وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پێنتاگۆن" رایگەیاند، 174 سەربازی ئەمەریكی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، بەمەش بە بەراورد لەگەڵ ئاماری دوێنێ، 41 حاڵەتی تووشبوون زیادی كردووە.

لە بەیاننامەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكادا هاتووە، جگە لە سەربازان، 59 كارمەندی مەدەنی و 61 لە كەسوكارەكانیان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، وێڕای تووشبوونی 27 خانەنشینكراو، بەمەش ژمارەی كۆی تووشبووانی سەر بە وەزارەتەكەیان بۆ 340 كەس بەرز بووەتەوە.

ئەمە دوای ئەوە هاتووە، دوێنێ دووشەممە مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندبوو، پەتای كۆرۆنا بەشێوەیەك كاریگەری خۆی كردووە، كە تەواوی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا بخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

وەزیری بەرگری ئەمەریكا دووپاتیشیكردەوە، پێویستە پشكنینی پزیشكی بۆ سەرجەم ئەو یەكە سەربازییانە بكرێت، كە نیشانەكانی كۆرۆنا لە یەكێك لە ئەندامانی دەردەكەوێت.

H.B