تەندروستی ئێران: لە هەر 10 بۆ 12 خولەكێك كەسێك بەهۆی كۆرۆنا دەمرێت
"خەڵكی تاران پابەندی رێنماییەكان نابێت"
K24- هەولێر:
وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لەماوەی هەر 10 بۆ 12 خولەكێك لە وڵاتەكەیان، كەسێك بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان لەدەست دەدات.
كیانۆش جهانپور، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند: بەم دواییانە رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تارانی پایتەختی وڵاتەكەیان بۆ 13% بەرز بووەتەوە.
هەر لەم بارەشەوە عەلی رەزا زالی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئێران رایگەیاند، هێشتا تاران نەگەیشتووەتە قۆناغی تەنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هۆشداریشی دا، لە ئەگەری كەمتەرخەمیی هاووڵاتیان بەرامبەر مەترسییەكانی ئەو پەتایە و پابەند نەبوونیان بە رێنماییەكان، دۆخەكە لەدەست دەربچێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە دووپاتیكردەوە، "سەرەتا پێشبینیمان دەكرد، دانیشتوانی تاران پابەندی رێنماییەكان بن و لە ماڵەكانیان دەرنەچن، بەڵام وا دەرنەچوو و خەڵكی پابەندی رێنماییەكان و هۆشدارییەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان نەبوون".
پێشتریش هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاندبوو، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان بۆ 24 هەزار و 811 حاڵەت بەرزبووەتەوە، لەو ژمارەیەش تا ئێستا هەزار و 934 كەس گیانیان لەدەستداوە.
H.B