ڤایرۆسی كۆرۆنا ئیسپانیا دەتەنێت

لەماوەی 24 كاتژمێردا زیاتر لە 700 حاڵەتی مردن تۆماركراون

K24- هەولێر:

ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئیسپانیا گەیشتە 3 هەزار و 434 كەس، بەمەش لە رووی ژمارەی مردووان ئەو وڵاتە پێش وڵاتی چین كەوت، كە كۆی ئەوانەی بەهۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە لە چین گیانیان لەدەستداوە، تا ئێستا 3 هەزار و 281 حاڵەتن.

بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، نزیكەی 8 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتە تۆماركراون، لەكاتێكدا زیاتر لە 700 حاڵەتی مردنیش بەهۆی پەتاكە لە شەو و رۆژێكدا، راگەیەندراون.

وەزارەتی تەندروستی ئیسپانیا رایگەیاند، تا ئێستا لە سەرانسەری وڵاتەكەیان 47 هەزار و 610 حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، لەو ژمارەیەش 3 هەزار و 166 حاڵەت لە دۆخێكی تەندروستی مترسیداردان، لەكاتێكدا 5 هەزار و 367 كەس بە تەواوی لە ڤایرۆسەكە چاك بوونەتەوە.

تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ زیاتر لە 423 هەزار كەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 18 هەزار كەس بەهۆی ئەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 109 هەزار كەسیش بە تەواوی چاك بوونەتەوە.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جیهان، ژمارەیەكی زۆری وڵاتانی ناچار بە داخستنی سنوورە وشكانییەكان، گەشتە ئاسمانییەكان و ئاوییەكان كردووە و قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاندووە، خوێندنیان راگرتووە، زۆربەی چالاكییەكانیان وەستاندووە، كۆبوونەوە و بەریەككەوتنیان قەدەغە كردووە و مزگەوت و كلێسا و شوێنە ئایینییەكانیان داخستووە.

H.B