توركیا.. ژماره‌ی قوربانیانی كۆرۆنا به‌رز بووه‌وه
كۆی تووشبووان ژماره‌یان بوو به 5 هه‌زار و 698 حاڵه‌ت
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی توركیا رایگه‌یاند، تا ئێستا 5 هه‌زار و 698 حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌یان تۆماركراون، له‌و ژماره‌یه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ 17 حاڵه‌تی نویی مردن به‌هۆی په‌تاكه تۆماركران، كۆی ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه، گه‌یشته 92 كه‌س.
فه‌خره‌دین قوجه، وه‌زیری ته‌ندروستی توركیا دووپاتیكرده‌وه، له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا 2 هه‌زار و 69 حاڵه‌تی نوێی تووشبوون به كۆرۆنا له وڵاته‌كه‌یان پشتڕاست كراونه‌ته‌وه و 42 تووشبووش به ته‌واوی له په‌تاكه چاك بوونه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی 3 ملیۆن و 600 هه‌زار ده‌مامكی خۆپارێزیی به‌سه‌ر دامه‌زراوه حكوومییه‌كاندا دابه‌ش كردووه.
له لایه‌كی دیكه‌وه سوله‌یمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا به‌دووری نه‌زانی، كه به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له وڵاته‌كه‌یان رابگه‌یه‌نن و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، چالاكیه‌كانی ژیان له توركیا به رێژه‌ی 80% وه‌ستاون و بڕیاری مانه‌وه له ماڵه‌وه‌ش به‌سه‌ر 7 شاری وڵاته‌كه‌یدا سه‌پێندراوه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ده‌سڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی هه‌موو رێكارێكی پێویستیان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا گرتووه‌ته‌به‌ر و له داهاتووشدا به‌گوێره‌ی پێویستی دۆخه‌كه هه‌نگاوی نوێ ده‌نێن.
H.B