پێشبینییەكی مەترسیدار بۆ ئەمەریكا لە كۆرۆنا دەكرێت
بەم نزیكانە قەیرانەكە سەرهەڵدەدات
K24- هەولێر:
ئەندامێكی تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا پێشبینی دەكات، بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا، نزیكەی 200 هەزار كەس لە وڵاتەكەیان بمرن و بە ملیۆنان كەسیش تووشی پەتاكە ببن.
ئەنتۆنی فاوچی، ئەندامی تیمی كۆشكی سپی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "سی ئێن ئێن" گوتی: پێشبینی دەكرێت بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان، 100 تا 200 هەزار كەس لە وڵاتەكەیان بمرن و بە ملیۆنانیش تووشی پەتاكە ببن.
فاوچی كە هاوكات سەرۆكی پەیمانگەی نەتەوەیی ئەمەریكایە بۆ هەستەوەری و نەخۆشییە درمییەكان، دووپاتیكردەوە، "كارێكی سەختە لە دۆخی ئێستادا پێشبینی گۆڕانكارییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا بكرێت"، بەڵام وەك رایگەیاند، "چاوەڕێ دەكرێت ڤایرۆسەكە زیان بە ملیۆنان كەس بگەیەنێت".
هەروەك پێشبینیشی كرد، "لە كاتێكی زۆر نزیكدا چەندین شاری ئەمەریكا تووشی قەیرانی كەمی ئامێرەكانی هەناسەدانی دەستكرد ببن و پێ دەچێت لە ماوەی هەفتەیەكدا ئەو قەیرانە لە شاری ئۆرلینز، گەورەترین شاری ویلایەتی لویزیانا سەرهەڵبدات".
بەدووریشی زانی بەهۆی ئەو ڤایرۆسە قەبارەی مردن لە وڵاتەكەی بگاتە سنووری ملیۆنان كەس.
ئەمە لەكاتێكدایە، تا ئێستا زیاتر لە 125 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا تۆماركراون و زیاتر لە 2 هەزار كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە.
H.B