ئێران چەند ئامێرێكی ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێشكەش بە ئەمەریكا دەكات

ئامێرەكان دروستكراوی زانكۆیەكی سەر بە سوپای پاسدارانن

K24- هەولێر:

ئێران رایگەیاند، ژمارەیەك ئامێری ئاشكراكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە دروستكراوی زانكۆی بەقیەتوڵڵاهـ بۆ زانستە پزیشكییەكانی سەر بە سوپای پاسدارانە، پێشكەش بە ئەمەریكا كردووە.

لەم بارەیەوە هادی زوهەیری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەكان لە زانكۆی بەقیەتوڵڵاهـ بۆ زانستە پزیشكییەكان گوتی: ژمارەیەك ئامێری ئاشكراكردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان پێشكەش بە ئەمەریكا كردووە.

زوهەیری ئاشكرایكرد: ئەو ئامێرانەیان رادەستی باڵیۆزخانەی سویسرا كردووە لە تاران، كە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە ئێران رایی دەكات و ئاماژەی بەوەشدا، ئێران لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا لە دوژمنداریدایە، بەڵام لەگەڵ خەڵكی ئەمەریكا نا.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 3 هەزار و 186 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان تۆماركراون، بەمەش ژمارەی كۆی تووشبووان بەو پەتایە لە ئێران بۆ 41 هەزار و 495 حاڵەت بەرز بووەوە و دوای تۆماركردنی 117 حاڵەتی مردنیش كۆی ژمارەی مردووان بوو بە 2 هەزار و 757 حاڵەت.

H.B