هەواڵگری ئەمەریكا راپۆرتێكی نهێنی لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە چین پێشكەشی كۆشكی سپی كردووە

ژمارەیەك وڵات ئاماری راستەقینەیان لەبارەی كۆرۆنا شاردووەتەوە

K24- هەولێر:

رۆژنامەی بلۆمبێرگ بڵاویكردەوە، هەواڵگری ئەمەریكا راپۆرتێكی نهێنیی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین پێشكەش بە كۆشكی سپی كردووە و لە راپۆرتەكەدا جەخت كراوەتەوە، چین زانیاری تەواوی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایەی لە وڵاتەكەی نەداوەتە جیهان و زۆرێك لە وردەكارییەكانی ساختە كردووە.

ئەو راپۆرتە كە هەفتەی رابردوو گەیشتووەتە كۆشكی سپی، بەوە كۆتایی هاتووە، كە چین ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە وڵاتەكەی ئاشكرا نەكردووە و ژمارەی تەواوی تووشبووان و مردووانیش بەهۆی ئەو پەتایەی شاردووەتەوە.

بلۆمبێرگ لە چەند بەرپرسێكی ئەمەریكی كە نەیانویست ناویان ئاشكرا بكرێت، گواستییەوە، راپۆرتەكە نهێنییە و ناوەڕۆكەكەی ئاشكرا ناكەن، بەڵام وەك ئاماژەیان پێداوە، راپۆرتە گشتییەكانی چین لەبارەی ژمارەی قوربانیان و حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا ناتەواون و چین بە مەبەست ژمارە راستەقینەكانی ئاشكرا نەكردووە و ئامارەكانی لەم بارەیەوە ساختەن.

ئەو رۆژنامەیە لەسەر زاری دیبۆرا بیركس، پسپۆری بەرگری لەش لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڵاویكردەوە، "ئەو راپۆرتانەی چین پێشكەشی كردوون، كاریگەری لەسەر گریمانەكانی سروشتی ئەو ڤایرۆسە لە شوێنەكانی دیكەی جیهان هەبووە، بەتایبەت لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا".

هەر بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە، بەرپرسانی رۆژئاوای گەیشتوونەتە ئەو راستیەی كە چین تاكە وڵات نییە كە ئامارە راستەقینەكانی تووشبوون و مردن بە هۆی كۆرۆنای شاردووەتەوە، بەڵكو ژمارەیەك وڵاتی دیكەش وەك ئێران، رووسیا، ئیندۆنیزیا و كۆریای باكووریش راسیەكانیان شاردووەتەوە.

H.B