"ئێران و ئه‌مه‌ریكا له جه‌نگی راسته‌خۆ نزیك ده‌بنه‌وه"
په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ لایه‌نی سێیه‌م درێژ ده‌كرێت
K24- هه‌ولێر:
حیشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت پیشه، په‌رله‌مانتاری ئێران دووپاتیكرده‌وه، ئێران و ئه‌مه‌ریكا به شێوه‌یه‌كی نائاسایی له جه‌نگ نزیك ده‌بنه‌وه و وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌مه‌ش به‌هۆی لایه‌نی سێیه‌مه‌وه‌یه".
فه‌لاحه‌ت پیشه كه هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یه له په‌رله‌مانی ئێران گوتی: "ئه‌و جه‌نگه سته‌مكاره به‌رامبه‌ر هه‌ردوو وڵات"، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ی پێدا، "ئه‌گه‌ر هه‌ڵگیرسا ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی لایه‌نی سێیه‌مه".
هه‌رچه‌نده ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئێرانییه ئاماژه‌ی به ناسنامه‌ی لایه‌نی سێیه‌م نه‌دا، كه په‌نجه‌ی تۆمه‌تی بۆ درێژ كرد، به‌ڵام هۆشداری ئه‌وه‌ی دا: "ئه‌مه‌ریكا و ئێران به شێوه‌یه‌كی نائاسایی له جه‌نگ نزیك ده‌بنه‌وه".
هه‌وره‌ها گوتی: "كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه، هه‌ردوو لا زانیاری یه‌كتر به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ له سه‌ربازگه‌ی نه‌یاران و له رێگه‌ی لایه‌نی سێیه‌مه‌وه وه‌رده‌گرن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، ساڵی رابردووش فه‌لاحه‌ت پیشه لێدوانێكی هاوشێوه‌ی ئه‌م لێدوانه‌ی دا و مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا، ئه‌مه‌ش وایكرد ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئێران سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ناوبراو تۆمار بكات.
H.B