سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لیبیا بەهۆی كۆرۆنا گیانی لەدەستدا
دوای روخانی حكومەتی قەزافی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی ئینتیقالی بەڕێوەبردووە
K24- هەولێر:
بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەكان، ئەمڕۆ مەحمود جبریل، سەرۆك وەزیرانی پێشووتری لیبیا و هاوكات سەركردەی حزبی "هاوپەیمانی هێزی نیشتمانی" بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قاهیرەی پایتەختی میسر گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەكانی ئاماژەیان بەوەشداوە، مەحمود جبریل لە تەمەنی 69 ساڵیدا لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی پایتەختی میسر گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەهۆی پەتای كۆرۆنا باری تەندروستی تێكچووبوو.
لەم بارەشەوە میدیاكانی میسر بڵاویانكردەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی جبریل، لە 27ی مانگی رابردوو ناوبراو گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.
وەك ئاماژەشیان پێدا، بەر لەوەی مەحمود جبریل تووشی كۆرۆنا بێت، كێشەی نەخۆشی دڵی هەبووە، هەربۆیە بەرگەی پەتای كۆرۆنای نەگرتووە و گیانی لەدەستداوە.
لە 26ی مانگی رابردوو هاوپەیمانی هێزی نیشتمانی تووشبوونی مەحمود جبریل بە پەتای كۆرۆنای راگەیاند.
دوای روخانی حكومەتەكەی قەزافی، لە 5ی مارسی ساڵی 2011 تا 23ی ئوكتۆبەری هەمان ساڵ مەحمود جبریل پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی ئینتیقالی لیبیای بەڕێوەبرد.
H.B