لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زۆرترین ژمارەی مردن بەهۆی كۆرۆنا لە ئەمەریكا تۆماركرا

تا ئێستا 8 هەزار و 503 كەس بەهۆی پەتاكەوە مردوون

K24- هەولێر:

ئەمەریكا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی قوربانیانی پەتای كۆرۆنای راگەیاند و ئاشكركرایكرد، لە ماوەی شەو و رۆژێكدا هەزار و 340 كەس بەهۆی ئەو ڤایرۆسە لە وڵاتەكەیان گیانیان لەدەستداوە، بەمەش كۆی ژمارەی مردووان بەهۆی پەتاكە لە ئەمەریكا بۆ 8 هەزار و 503 كەس بەرز بووەوە.

بەگوێرەی ئەو ئامارەی لە لایەن زانكۆی جۆنز هۆپكێنز بڵاوكراوەتەوە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئەمەریكا، تا ئێستا 312 هەزار و 249 حاڵەتی تووشبوون بەو پەتایە لەو وڵاتە تۆماركراون.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، ئەمەریكا لە تۆماركردنی زۆرترین ژمارەی مردووان بەهۆی كۆرۆنا لە ماوەی رۆژێكدا گەیشتووەتە قۆناغێكی تۆقێنەر، لەكاتێكدا بەرپرسانی ئەو وڵاتە هۆشداری دەدەن، دوو هەفتەی داهاتوو یەكلاكەرەوە دەبن بۆ ئەو جەنگەی لە پێناو وەستاندنی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ئەمەریكا دەستی پێكراوە.

لەم بارەیەوە دكتۆرە دیبۆرا بیركس، هەماهەنگكاری وەڵامدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، گەورەترین تاقیكردنەوە لە رۆژانی داهاتوودا دەبێت، ئاماژەی بەوەشدا، "دوو هەفتەی داهاتوو زۆر گرنگن. ئەمە ئەو ساتەیە كە نابێت مرۆڤ بچێتە ماركێتی سەوزەفرۆشان و تەنانەت دەرمانخانەكانیش، بەڵكو پێویستە مرۆڤ هەرچی لەتوانایدایە بیكات، بۆ ئەوەی خێزان و هاوڕێیانی بپارێزێت، ئەمەش مانای وایە كە پێویستە هەموو كەسێك پابەندی مەودای دووری نێوانیان و شوششتنی دەستەكانی بێت".

H.B