ژمارەی مردووان بەهۆی كۆرۆنا لە ئەمەریكا گهیشته سهرووی 10 ههزار كهس
زۆرترینیان لە ویلایەتی نیۆیۆركن
K24- هەولێر:
دوای ئەوەی ئەمڕۆ 711 كەسی دیكە بەهۆی پەتای كۆرۆنا لە ئەمەریكا گیانیان لەدەستدا، كۆی ژمارەی مردووان بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە لەو وڵاتە گەیشتە 10 هەزار و 327 كەس.
هەر ئەمڕۆش دەسەڵاتدارانی ویلایەتی نیۆیۆركی ئەمەریكا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی قوربانیانی كۆرۆنایان راگەیاند و ئاشكرایان كرد، لەكۆی ئەوانەی ئەمڕۆ لە ئەمەریكا بەهۆی پەتاكەوە مردوون، 599 كەسیان تەنیا لە ویلایەتەكەیان بوونە.
لە ریزبەندی گیانلەدەستدان بەهۆی پەتای كۆرۆنا لە جیهان، ئەمەریكا دوای هەریەك لە ئیتاڵیا بە تۆماركردنی 16 هەزار و 523 حاڵەت و ئیسپانیا بە تۆماركردنی 13 هەزار و 169 حاڵەتی مردن لە پلەی سێیەم دایە.
لەكاتێكدا لەرووی ژمارەی تووشبووان ئەمەریكا لە پێشەوەی هەموو وڵاتانی جیهاندایە و تا ئێستا نزیكەی 350 هەزار حاڵەتی تووشبوون لەو وڵاتە تۆماركراون و رێژەكەی زیاترە لە یەك لەسەر چواری هەموو تووشبووانی جیهان.
H.B