رێژەی مردن بە كۆرۆنا لە ئێران دابەزینێكی بەرچاوی تۆماركرد
كەمتر لە 100 كەس مردن
K24- هەولێر:
دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئێران رایانگەیاند، ئاماری گیان لەدەستدان بەهۆی كۆرۆنا لە وڵاتەكەیان بەڕێژەیەكی بەرچاو دابەزیوە و ئەمڕۆ لە دوایین ئاماردا بۆ یەكەم جار لە ماوەی مانگێكدا كەمتر لە 100 كەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە سەر زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتە گواستییەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا 98 هەشت كەس لە كۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەمەش كۆی ژمارەی ئەوانەی بەهۆی ڤایرۆسەكەوە مردوون، ژمارەیان بوو بە 4 هەزار و 683 كەس.
لەم بارەشەوە كیانۆش جهانپور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، "بەداخەوە ئەمڕۆش 98 كەسی دیكە بەهۆی پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوای مانگێك لە چاوەڕوانی، ئەمە یەكەم جارە لە ماوەی شەو و رۆژێكدا كەمتر لە 100 حاڵەتی مردن لە ئێران تۆماربكرێت، بەو هیوایەی ئەو دابەزینە لە ژمارەی قوربانیان بەردەوام بێت و پەتاكە بە یەكجاری ون بێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لە ماوەی 24 كاتژمێردا هەزار و 574 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆماركراون، بەمەش تا ئێستا كۆی ژمارەی تووشبووان لە ئێران بۆ 74 هەزار و 877 حاڵەت بەرز بووەوە، لەو ژمارەیەش تا ئێستا 48 هەزار و 129 حاڵەت بە تەواوی چاك بوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
جێگای ئاماژەیە، یەكەم دوو حاڵەتی مردن لە ئێران بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە 19ی مانگی یەكی ئەمساڵ لە شاری قوم تۆماركران.
H.B