پیرەژنێکی 106 ساڵ بەسەر كۆرۆنا زاڵ دەبێت
دوای سێ ھەفتە نەخۆشخانەی جێھێشت
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی داتاكانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەریتانیا، لەو باوەڕەدانە کە پیرەژنێکی 106 ساڵانە بە ناوی کۆنی تیچن Connie Titche، گەورەترین تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و چاکبووەتەوە، دوای سێ هەفتە لە نەخۆشخانەیەکی شاری بێرمێنگهام تروانەی ماڵەوە كرایەوە.
کۆنی تیچن، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو و سێ هەفتە لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشكیدابوو، دوای ئەو ماوەیە پزیشکەکان ئەنجامی كۆتای پشكنینەكەیان ئاشكرا كرد كە چاكبووەتەوە.
ئەم پیرەژنە کە هەشت نەوەی هەیە و کرێکارێکی خانەنشینە و لە ساڵی 1913 لە داییکبووە، دەڵیت: "من وا هەستدەکەم کە زۆر بە بەختم کە توانیم رووبەڕووی ڤایرۆسەکە ببمەوە، ئێستا من چاوەڕێی بینینەوەی خێزانەکەم دەكەم".
ئەلێکس جۆنز، تەمەن 40 ساڵی و نەوەی تیچن دەڵیت: "داپیرم ژیانێکی ئەو پەڕی چالاکی هەبوو، و حەزی لە سەما و پایسکڵ سواری بوو و یاری گۆڵفیشی دەکرد".
دەشڵێت: "هەمیشە داپیرەم بۆ خۆی چێشتی لێدەنا، و حەزیشی لە ماکدۆناڵدە کە زۆرجار لە رێگای دیلیڤەری داوای دکرد، بەڵام ئەو ئێستا نازانێت کە دەرگاکانی ئەو چیشتخانەیە داخراون. من بڕوام وایە نهێنی تەمەن درێژی ئەو هێزی جەستەیی و پشتبەستنە بەخۆی. پێشتر نەشتەگەری ئێسقانی سمتی بۆ کرا، ئەو لە ماوی 30 رۆژدا توانی جارێکیتر بەرێوەبچێتەوە".
ئەلێکس جۆنز، باس لە چارەسەری داپیرەکەی دەکات و دەڵێت: "ئەو چاودێرییەی بۆ داپیرەم کرا زۆر جێگای خۆشحاڵیبوو، بە بەردەوامی ئاگادار بووین کە چۆن پزیشک و پەرستارەکان چارەسەریان دەکرد، و من دەمەوێت سوپاسی هەموویان بکەم".
دەزگای ساندوێل Sandwellی سەر بە نەخۆشخانەی نیشتمانی لە رۆژئاوای بێرمینگهام، دیاری دەکات کە کۆنی تیچن، بە تەمەنترین کەس بوو لەو نەخۆشخانەدا و رەنگە پیرترین کەسیش بێت، لە هەموو بەریتانیا بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا سەرکەوتووە.
کیلی سمیت Kelly Smith، پەرستاری نەخۆشخانەکە کە چاودێری تیچینی دەکرد گوتی: " هەستێکی بێ پایان ھەبوو کە بینیم تەندروستی کۆنی چیتن بەرەو باشبوون دەچوو، ئەو زۆر زیرەک و ئازابوو و بە هێزەوە رووبەڕووی ڤایرۆسەکە بووەوە".
کیلی، گۆتیشی : "ئێمە زۆر دڵخۆش دەبین کە دەبینین نەخۆشەکانمان لە دوای تووشبوونیان بە کۆڤید–19 چاک دەبنەوە و بە تەندروستی بەرەو ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە".