چوار چیرۆکی ناوازەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا

دایكێك منداڵ دەبێت و خۆی نەیزانیووە

K24 - ھەولێر

رۆژانە گوێبیستی چەندین ھەواڵی دڵتەزین و ناخۆش دەبین دەربارەی قوربانییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان، لەگەڵ ئەوەشدا چەند چیرۆكی دیكەی چاكبوونەوە ھەن، كە سەرنجی خەڵكی رادەكێشن.

رۆژنامەی مێرۆر (mirror)ی بەریتانی، لە راپۆرتێکدا باس لە چوار ناوازەترین چیرۆکی چاکبوونەوەی كۆرۆنا دەكات:

 

 بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی

ئیڵسا باکلیی Elsa Buckleyی تەمەن 28 ساڵ، یەكێكە لە بەڕێوەبەرانی چاودێری تەندروستی لە بەریتانیا، پێش سێ هەفتە نیشانەکانی کۆرۆنا وەکو کۆخە و هەودانی قۆرک و سکچوون و سەرئێشە و ماندوبوون و رشانەوە و تا و ئازاری ماسولکە و تينوويەتى، لێی دەرکەوتن.

لە دوای سێ هەفتە لە ئازارکێشان کە چەندین جار نزیک ببووەوە لە گیان لەدەستدان، ئێلسا بە شێوەیەکی بەرچاو چاکبوویەوە و تائێستا لە نێو ماڵەکەی لە کەرەنتینە دایە تاکو هەموو نیشانەکانی نەخۆشییەکە نەمێنن.

 

ژنێکی دووگیان

لە 24ی مانگی ئاداری 2020، ئەنجێلا بریماشینکۆ Angela Primachenkoی خەڵکی ویلایەتی واشینتن کە لە هەفتەی 33ی دووگیانی دا بوو، لە دوای دڵنیابوون کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بۆ نەخۆشخانە گوێزرایەوە و کەوتە حاڵەتی بێهوشی، بۆیە دەستبەجێ خرایە ژێر چاودێری چڕ.

لە دوای چەند رۆژێک، ئەنجێلا هاتەوە هۆش و بینی منداڵێکی کچی لە باوەشیدایە، تووشی سەرسوڕمان دەبێت، دواتر زانیویەتی پزیشکەکان لە کاتی بێهوشیدا نەشتەرگەری لە دایکبوونی منداڵەکەیان بۆ ئەنجامداوە.

ئەنجێلا لە دوای چاکبوونەوەی لە کۆرۆنا، نەخۆشخانەی بە جێهێشت، بەڵام نەیتوانی منداڵەکەی لە ئامێزی بگرێت، چونکە منداڵەکە پێویستی بە چاودێریی چڕ ھەبووە.

 

 بە ساڵاچووێكی بە بەخت

ریتا رێینۆڵدز Rita Reynoldsی 99 ساڵی، خەڵکی مانچستەری بەریتانی،  بە شێوەیەکی سەیر بەسەر كۆرۆنا زاڵ دەبێت. لە دوای تێکچوونی تەندروستی ریتا، پزیشکەکان داوایان لە خێزانەکەی کرد، چاوەڕوانی خراپترین شت بن. ریتای بەساڵاچوو، بۆ ماوەی سێ هەفتە، لە خانەی چاودێریدا نواندرا، رۆژ لە دوای رۆژ بێئۆمێدی پزیشکەکان زیاتر دەبوو، بەڵام لە دوایین هەفتەدا، نیشانەکانی باشبوون لەسەر ریتا بە دیارکەوتن و توانی لەو نەخۆشییە دەرباز بێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو، ریتا کە پیشەی شوفێری لە هێزی ئاسمانی بەریتانی هەبوو، ئاهەنگی سەد ساڵی لەدایکبوونی بگێڕێت.  

 

منداڵێکی 5 مانگی و بەسەر كۆرۆنا زاڵ بوو

پێش چەند رۆژێک، ئەمیلیا وودجەر Amelia Woodgerی 5 مانگی و لە دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ململانێی مان و نەمانی لەگەڵ مردن دەکرد. لە سەرەتادا پزیشکەکان نیشانەکانی نەخۆشی خوریکان لەسەر ئەم منداڵە بینین. بەڵام لە تێست و پشکنینەکان دەرچوو، کە تووشی كۆرۆنا بووە. نەخۆشیەكە تەشەنەی كرد، بۆیە ئەمیلیا بۆ نەخۆشخانەی وێست سافۆلک West Suffolk گواسترایەوە.

دایکی ئەمیلیای 25 ساڵ، کە ئەویش تووشی كۆرۆنا بوو، دەڵیت: "بۆ سێ رۆژ ئەمیلیا بە تەنیا بوو، مۆڵەتی بە ئێمە نەدەدا سەردانی بکەین. لەو کاتەدا من هەر دەگریام، زۆر بێئۆمێد ببووم".

دەشڵێت: "من و کچەكەم بە بەخت بووین، چونکە لە ماوەی دوو هەفتەدا چاکبووینەوە".