کۆرۆنا کچێک لە دەستدرێژی سێكسی رزگار دەکات
دوای 40 رۆژ خۆ كەرەنتین كردن ھاتووەتە دەروە
K24 - ھەولێر
کچێکی دانیشتووی تارانی پایتەختی ئێران، دوای 40 رۆژ خۆ كەرەنتینە كردنی لە ماڵەوە بۆ كڕینی پێداویستیەكانی دێتە دەرەوە، بەڵام دەكەوێتە داوی شوفێرێكی تاكسی و دەستدرێژی دەكرێتەسەر، بەڵام دواتر بە فێڵی تووشبوونی بە كۆرۆنا خۆی لەدەستی شوفێرەكە رزگار دەكات.
بە گوێرەی رۆژنامەی (ئێران)ی حکومی: "لە دوای 40 رۆژ لە کەرەنتینەکردنی خۆی لە ماڵەوە بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا، کچێکی دانیشتووی تاران بۆ کڕینی هەندێک پێداویستی دەچێتە دەرەوە و تاکسییەک رادەگرێت و لە دوای مەودایەک شوفێرەکە بە مەبەستی دەستدرێژیکردنە سەری، کچەکە دەڕفێنێت".
كچەكە چیرۆکی رزگاربوونی خۆی لە دەست ئەو شوفێرەوە بۆ رۆژنامەكە دەگێڕێتەوەو دەڵێ: "بینیم شوفێرەکە نیازی خراپە و ئاراستەی رێگاکە گۆڕی و بەرەوە شەقامێکی چۆڵ رۆیشت. داوام لێکرد کە واز لە من بێنێت و پەلامارم نەدات، بەڵام بێ سوود بوو، چەقۆیەکی دەرهێنا و دەرگاکانی ئۆتۆمبێڵەکەشی داخستن".
دەشڵێ: "ئۆتۆمبێلەکە گەیشتە شەقامێک، تابلۆیەکی تەندروستیم بینی کە ھوشداری و رێنمایی لە دوور ڤایرۆسی کۆرۆنا دەداتە خەڵکی، راستەوخۆ بیرم لە فێڵێک کردەوە كە خۆم رزگار بکەم، دەستم کرد بە کوخین و پژمێن، و بە شوفێرەکەم گوت کە من تووشی کۆرۆنا بوومە و لە ماڵەوە رامکردووە، تاکو بۆ نەخۆشخانەی گەڕەکی (بافت ئاباد) بڕۆم".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "بەو گەنجەم گوت ئەگەر وازم لێنەهێنی، تۆش تووشی کۆرۆنای کوشندە دەبیت،و هەموو ئەندامانی خێزانەکەم ھەموویان تووشی كۆرۆنا بوونە و منیش دەبێت بۆ نەخۆشخانە بڕۆم، و هەر بەردەوام بووم لە سەر کوخینەکەم و شوفێرەکە زۆر ترسا، و هەتا بیری دزین و بردنی پارە منیشی نەکرد و داوای کرێیەکەشی نەکرد و دەرگاکانی ئۆتۆمبێلەکە کردنەوە و لە دەستی رزگار كرد".
راشیگەیاندووە: "لە دوای رزگاربوونم، پەیوەندیم بە خێزانەکەمەوە کرد و ھەر ئەوكاتە بە هانامەوە هاتن".
دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی وێنەکانی شوفێرانی تاران، لە ئەنجامدا کچەکە ئەو بە وێنەی ئەو شوفێرە ناسییەوە.