راگەیەندراوێك لە وەزارەتی تەندروستییەوە
بۆ رای گشتی و دەزگاکانی راگەیاندن
K24 - ھەولێر
وەزارەتی تەندروستی لە راگەیەندراوێكدا جەختدەكاتەوە، ھیچ جۆرە ماسكێك لە بازاڕەكان نەفرۆشراوەتەوە، كە لەلایەن وڵاتی چینەوە پێشكەش بە ھەرێمی كوردستان كراوە.
پێشتر بەڕێوەبەری کۆگای ناوەندی دەرمان و پێداویستی پزیشکی ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 سەر لەبەری ئەم دەنگۆیانەی رەتكردووەتەوە، كە باس لە فرۆشتنەوەی ماسك و پێداویستییە تەندورستییەكان دەكەن.
دەقی راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی:
دوابەدوای بڵاوبوونەی هەواڵی فرۆشتنی ماسکی چینی لە بازارەکان ماوەیەکە وا پێشاندراوە گوایە ئەم هاوکاریانەن کە ولاتی چین پێشکەشی هەرێمی کوردستانی کردووە، دوای بەدواداچوون دەرکەوت تا ئێستا هیچ جۆرێك لەو ماسکانەی کە لە بازاردا هەیە وەكو هاوکاری لە وڵاتی چین وەرنەگیراوە لەهەمان کاتدا نەك تەنها ماسك، بەڵکو جۆرەها پێداویستی و ئامێرەکانی پزیشکی جۆری چینی لە بازاڕدا دەستدەکەوێت وە لەلایەن جۆرەها کۆمپانیا بۆ بازرگانی پێداویستی پزیشکی ئەم بابەتانە لە وڵاتی چین بەردەوام دەهێندرێتە کوردستان و عێراق و جیهانیش بۆ فرۆشتنەوەی لە بازارەکان.
کونسوڵخانەی وڵاتی چین لە هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرێکی ماسك و پێداویستی پزیشکی و هاوکاریەکانیان کەوتبێتە بازاڕ، لێرەدا وەکو وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەم جۆرە نوسین و هەواڵانە وێرای ڕەتکردنەوەمان، پەرۆشی چەواشەکردنی هاووڵاتیان و رای گشتین، هیوادارین باوەڕ بەم جۆرە پڕوپاگەندانە نەکەن و نەبنە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە و ڕای گشتیش دڵنیا دەکەینەوە کەوا هەر دیاردەیەکی لەو جۆرە لە هەرشوێنێك ڕووبدات ڕێکاری توندی یاسایی دەگیرێتە بەر هەرکەسێك ئەنجامی بدات.
وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
22ی نیسانی2020