وەزیری لاوانی بەحرەین: بەشداریکردنی گەنجان گۆڕانکاریی راستەقینە دروست دەکات
رەوان بنت نەجیب تۆفیقی، وەزیری کاروباری لاوانی بەحرەین، لە میانی بەشداریکردنی لە پانێڵێکدا لە لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر، خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و رایگەیاند، خەڵکی کوردستان و چیرۆکەکەیان زۆرترین سەرنجی ئەویان راکێشاوە.
وەزیری کاروباری لاوانی بەحرەین ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەردانەی دەبێتە دەستپێکێک بۆ هەنگاوی دیکە و جەختی لەوە کردەوە کە گوێگرتن لە خەڵکی هەرێمی کوردستان جێگەی خۆشحاڵیی خۆی و شاندی نێودەوڵەتییە.
سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە بڕیارداندا، رەوان تۆفیقی روونی کردەوە، بەر لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە حکوومەت، لە بواری بانکیدا کاری کردووە و فێری ئەوە بووە بەر لە بڕیاردان هەڵسەنگاندن بۆ گریمانەکان بکات. ئەوەشی خستە روو کە هەمیشە لە حکوومەتدا دەپرسێت کێ لەگەڵ بڕیارەکەدا دەژی و کێ دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەوە، چونکە دەکرێت وردەکارییەکی بچووک گۆڕانکاری لە بڕیاردا دروست بکات.
هاوکات جەختی لە گرنگیی کراوەیی بۆ فێربوون و گۆڕینی بیرۆکەکان، هەروەها خۆڕاگری لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی بەربەستەکاندا کردەوە. دووپاتیشی کردەوە کە بنیاتنانی متمانە بنەمای سەرەکییە، چونکە خەڵک بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دوای کۆبوونەوەکان دەکەن.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی رۆڵی گەنجان لە بەحرەین، وەزیری کاروباری لاوان ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی "5+1"ـیان دەست پێ کردووە بۆ زانینی خواستەکانی گەنجان، پشتگیریکردنیان و گەیاندنی دەنگیان.
تۆفیقی ئاماژەی بەوەش دا کە هەندێک جار بەرپرسان گومانیان لە توانای گەنجان هەیە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی، بەڵام کاتێک ئەرکیان پێ دەسپێردرێت، راستەوخۆ گۆڕانکاری دروست دەکەن. جەختیشی کردەوە کە نابێت تەنیا بە وەرگرتنی سەرنجی گەنجان بوەستن، بەڵکوو پێویستە لە کاتی گونجاودا، بەتایبەت لە دانانی بوودجە و ئەولەویەتەکاندا، گوێ لە دەنگیان بگیرێت و لە رێگەی بەشداریکردن و تێوەگلانیانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن.