دروستكردنی ماسك له‌ پێستی مار هه‌را ده‌نێته‌وه‌

كۆمپانیاكان له‌ سه‌رده‌می كۆرۆناش ده‌ستبه‌رداری ئاژه‌ڵان نابن

K24 - هه‌ولێر:

بەم دواییانە له‌گه‌ڵ بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنا (کۆڤید 19) له ئەمه‌ریکا، مودێلێکی نوێی دیزاینی ماسکی خۆپارێزی به‌رهه‌مهێنراوه‌، که له پێستی مار دروست دەکرێت، ئەمەش ناڕەزایەتیی زۆری لەناو خەڵک دروست کردووه، بەتایبەت لەم رەوشه سەختەی ئەمه‌ریکا و جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.

خاوەنی کۆمپانیای All American Gator که تایبەته به کەلوپەلی دروستکراو له پێستی مار به پێگەی U.S. News ی راگەیاند: زۆرێک له لایەنگرانی مۆده و داهێنانی سەرنجڕاکێش دەیانەوێت به شێوەیەکی جیاواز خۆیان پێشان بدەن، هەرچەنده ئێستا رەوشەکه ئاڵۆزه، بەڵام دەیانەوێت له خەڵکی ئاسایی جیاواز بن و دروستکردنی ئەم جۆره ماسکانه لەسەر بنەمای پێشکەشکردنی مۆدێلی نوێ بۆ ئارەزوومەندانی مۆده هاتووه.

ئەم ماسکه نوێیانه له چەرمی ماری بۆرمی دروست کراوه که ئەم مارانه زۆر ترسناکن و له دارستانەکانی فلۆریدا دەژین.

پسپۆڕان لەسەر دروستکردنی ئەم جۆره ماسکانه دەڵێن، به بەراورد لەگەڵ ماسکی ئاسایی، ماسکی دروستکراو له چەرمی مار سوودێکی زۆری نییه و له هەمانکاتدا نرخەکەیان زۆر بەرزه.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ به‌رده‌وام هۆشداری له‌وه‌ ده‌درێت مرۆڤایه‌تی ژینگه‌ی ئاژه‌ڵه‌ كێوییه‌كان ده‌شێوێنێت و به‌وه‌ش ژینگه‌ له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ خراپتر ده‌بێت.