شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كاته‌وه‌

درێژه‌ به‌ گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان ده‌ده‌ن

K24- سلێمانی:

بڕیارە ھەفتەی داھاتوو شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدا لەگەڵ حكومەتی عێراق كۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی كێشە چارەسەرنەكراوەكانی نێوانیان بكەن. ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقیش دەڵێن: لە ماوەی رابردوودا حكومەتی عێراق بەھیچ شێوەیەك كاری بە دەستوور نەكردووە و نەیویستووە رێكەوتن لەگەڵ ھەرێمی كوردستان بكات.

له‌م باره‌شه‌وه‌ موسه‌ننا ئه‌مین، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دووپاتی كرده‌وه‌، ھەر سەرۆك وەزیرانێكی نوێ دێت تێڕوانینی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ھەیە و دەبێت لە كۆتایدا ھەر رێكبكەون.

له‌كاتێكیشدا هه‌میشه‌ به‌رپرسانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ كیشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا باس له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، ئه‌شواق جاف، په‌رله‌مانتاری پێشووی كورد له‌ عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، دەستور جێبەجێ ناکرێت، بۆیە ناگەنە رێکەوتن و بەرپرسانی بەغدا باوەڕیان بە دابەشکردنی دەسەڵات و مافى کورد نییە.

دوای دابەزینی نرخی نەوت و بڕیاری راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمى كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقى فيدراله‌وه‌، بۆ چەند جارێك شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەردوولا سەردانی بەغدای کردووه‌، به‌ڵام تائێستا بەتەواوی نەگەیشتوونەتە رێكەوتن، بۆیە پێشبینی دەکرێت ھەفتەی داھاتوو بۆ جارێکی دیكە شاندێکی حكومه‌تی ھەرێم کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە.

H.B