گەنمێكی خۆماڵی دەبێتە براندی كوردستان

ئاستی گەنمی خۆماڵی ھەولێر2 و ھەولێر4 زیادیكردوو

K24 - ھەولێر

بە ئامانجی بەدەستھێنانی بەرھەمی گەنمی كوردی، چەند ساڵێكە وەزارەتی كشتوكاڵی كوردستان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوەی كشتوكاڵی ھەولێر، گەنمی ھەولێر2 و ھەولێر4 بەرھەمھێناوە، ئەو گەنمە بووەتە براندێكی كوردی و بەرگەی كەشوھەوای كوردستان و نەخۆشییە جیاوازەكان دەگرێ، ھەروەھا ساڵانەش بەشێكی زۆری بەسەر جووتیاران دابەش دەكرێ.

لە دایك و باوكێكی رەسەن، گەنمێكی خۆماڵی كوردی بەرھەم دەھێندرێ، گرنگی بە چەندین تەرزێك دراوە، دیارترینیان گەنمی ھەولێر2 و ھەولێر4، دروستكردنی تەرزی خۆماڵی  3 بۆ 10 ساڵ دەخایەنێت، تایبەتمەندییەكانی گەنمەكە بەرگەی كەشوھەوای كوردستان و نەخۆشییەكان دەگرێ و بەو شێوەیەش بووینەتە خاوەن براندێكی كوردی.

ساڵی رابردوو نزیكەی 800 تۆن گەنم بەسەر جووتیارانی سنووری ھەولێر دابەشكراوە و 400 تۆنیش گەنمی ھەولێر2 بۆ دھۆك نێردراوە، لە سەرەتای وەرزی چاندن تاکو وەرزی دروێنە ئەم ئەندازیارانە لە رووی پشکنینی خاک و دەستنیشان کردنی پەینی کیمایی چاودێری گەنمەكان دەكەن، دەیانەوێ جووتیاری نمونەیش ھەڵبژرێن لە كوردستان بۆ زیادكردنی ئەو جۆرە گەنمە كوردییە.

كاركردن لەو كێڵگەیە بەردەوامە و  بۆ ساڵی داھاتوو شەش تەرزی دیكەی گەنم ئامادەیە، بۆ تۆماركردن و دواتر بەسەر جووتیاراندا دابەشی دەكەن. لە رووی بەرھەمەوە گەنمی برشت، ركابەری ئەو گەنمانە دەكات كە ساڵانە ھاوردەی كوردستان دەكرێن.

د. عەبدولرەحیم عومەر، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر لە بارەی گرنگی ئەو گەنمە بە كوردستان24ی گوت: "ئەو گەنمە كولێتیەكی باشی ھەیە و نانێكی زەردی لێدروست دەكرێت".

گوتیشی: "ھەوڵدەدەین لە چەند ساڵی داھاتوودا، ئەو جۆرە گەنمە بەسەر جووتیاران دابەش بكرێت".