گۆتێرێز داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند "پێویستە کۆمەڵگەی جیهانی بە گەشبینی بمێنێتەوە و کار بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکان و شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بکات".
گۆتێرێز لە لێدوانێکدا، بەبۆنەی ساڵیادی هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل ڕایگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە کە بارمتەکان ئازاد بکرێن، و کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بە ئازارێک کە ناوچەکەی گرتووەتەوە. بهێنرێت و ئاشتی و یاسای نێودەوڵەتی و دادپەروەریی بەرقەرار بێت".
گۆتێرێز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە دووپات دەکاتەوە، دەبێت بە گەشبینییەوە بمێنینەوە و هیوا لەدەست نەدەین، لە ناو ئەم خوێنڕشتنە و ناکۆکییانەدا با ڕێز لە یادی قوربانییەکان بگرین. خێزانەکان یەکبخەنەوە، کۆتایی بە ئازار و توندوتیژییەکان بهێنین لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ڕێز لە کەرامەتی یەکتر بگرن".
ئەمینداریی گشتیی داوای لە حەماس کرد "ڕێگە بە لێژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بدات سەردانی بارمتەکان بکات، کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەرن".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شەڕە لەدوای ئەو هێرشە ترسناکەی 7ـی ئۆکتۆبەر سەری هەڵدا، بەردەوامە لە وێرانکردنی ژیان و ئازاری قووڵ بۆ فەلەستینییەکان لە غەززە و ئێستەش بۆ گەلی لوبنان.