دوو تۆمەتبار لەسەر کوشتنی خێزانەکەی شاری ڕومادی دەستگیر کران
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، ئەوانەی تۆمەتبارن بە کوشتنی خانەوادە و بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای ڕومادی، لە ناحیەی بەغدادی ڕۆژئاوای ئەنبار، دانیان بەوەدا ناوە کە پاڵنەری تاوانکاریی لە پشت تاوانەکەیانەوە بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی، عەمید میقداد میری، ڕایگەیاند: "پۆلیسی پارێزگای ئەنبار، توانیان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، ئەو دوو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە خانەوادەکەی ناحیەی بەغدادیان کوشتووە و هەروەها دەستیان بەسەر ئەو ئۆتۆمبیل و دەمانچەدا گرتووە کە لە تاوانەکەدا بەکاریان هێناوە.
عەمید میقداد میری دەشڵێت: ئەو دوو تۆمەتبارە دانیان بە تاوانەکانیان داناوە، هەروەها ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەی خۆیان وەربگرن.
ئێوارەی دوێنێ پۆلیسی ئەنبار دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری ڕاگەیاند، کە تۆمەتباربوون بە کوشتنی بەڕێوەبەری وێستگەی کارەبای ڕومادی و هاوسەر و منداڵێکیان، تەنها منداڵێکی ساوا لە ڕووداوەکەدا ڕزگاری بووە.