لە سنووری پارێزگای دهۆک بە زیاتر لە 5 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاریی جێبەجێ دەکرێن

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک

لە سنووری پارێزگای دهۆک بە زیاتر لە 5 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاریی جێبەجێ دەکرێن.

دووشەممە، 07-10-2024، عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، بڕیاڕی جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاریی بە بڕی 5ملیار و ملیۆن و 434هزار دیناران بۆ سەنتەری شاری دهۆک و نەحیەکانی زاویتە و فەییدی و سنووری قەزەکانی بەردەڕەش و سێمێل و ناحیەکانی ڕۆڤیا و دارەتوو و بجێل و دینارتە و گردەسێنی دا. 
بەپێی ڕاگەیاندراوی پارێزگای دهۆک، پرۆژەکان پێکهاتوون لە دروستکردن و قیرکردنی شەقام و ئاودێری و دانانی تۆڕی ئاو و ڕاکێشانی تۆڕی کارەبا و دابینکردنی موەلیدەیی کارەبا بۆ چەند گوند و دروستکردنی یاریگای تۆپی پێ  و چاندنی سەوزاریی و دابینکردنی سیستەمی ئاودێریکردن بۆ پرۆژەکان. 
 لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی هەزار و 314 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 107 ملیار دینار لە سنووری پارێزگای دهۆک دراوە، بەشێکی زۆریان تەواو بوون و کارکردن لە ژمارەیەکیشیان بەردەوامە.
دابەشکاریی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بەسەر قەزاکاندا بەو شێوەیەیە کە لە دهۆک 221 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 618 ملیار دینار و، لە قەزای ئاکرێ 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 208 ملیار دینار، هەروەها لەقەزای ئامێدی  331 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 401 ملیار دینار و لە قەزای سێمێل 159 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 202 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن.
ڕاشیدەگەیەنێت کە لە قەزای شێخان 161 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 296 ملیار دینار، لە قەزای بەردەڕەش 216 پرۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 302 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێن.