کارزان هادی: هەوڵدەدەین بەیەک قۆناغ زەوییەکان دابەش بکەین
کارزان هادی: بەم زووانە تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەویی فەرمانبەران دەکەین

سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند: "دەست کراوە بە دروست کردنی شەقامەکانی قەرەبووی پیرڕەش و ئاوەڕۆشی بۆ دانراوە، ئەو هاووڵاتییانەی قەرەبوو زەوییەکانیان کراونەتەوە دەتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵەی خانوو بکەن".
چوارشەممە، 8ـی ئۆکتۆبەری 2024، کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دەست کراوە بە چاککردنی شەقامە 40 مەتری و 60 مەترییاکانی زەوییەکانی قەرەبووی پیرڕەش و ئاوەڕۆشی بۆ دانراوە بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا تووشی گرفت نەبین یاخود هەڵکەندنی شەقامەکە نەبینەوە.
سەرۆکی شارەوانی دەڵێت: "لە قۆناغێکی دیکە کە نزیکەی دوو ملیار و نیو تەرخان کراوە، بۆ کاری بەیەکەوە بەستنەوە و تێکەڵکردنی هەموو شەقامە لاوەکییەکان، ئەو هاووڵاتییانەی دوای ئەوەی تاپۆکانیان وەردەگرنەوە دەتوانن سەردانی شارەوانی سێ بکەن بۆ ئەوەی ڕێپێدانی خانوو وەرگرن".
دەشڵێت: "لە دوای کەمتر لە هەفتەیەکی داواکردنی مامەڵەکە، دەتوانن دەست بە دروست کردنی خانووەکە بکەن، لای خۆشمانەوە تیمەکانمان ڕاسپاردووە کاری دەرخستەیان کردووە، بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغەکانی دیکەی وەک لێدانی کەربستۆن و فەرشکردنی تێکەڵە لەم گەڕەکە بچێتە بواری جێبەجێکردن".
کارزان هادی ڕاشیگەیاند: "کۆمەڵێک نەخشەی کەرتی زەوییەکانی شارەوانی تەواو بوونە بۆ دابەشکردنیان بەسەر فەرمانبەراندا، بۆ ئەم مەبەستەش ناوی فەرمانبەران نێردراوە بۆ وەزارەتی شارەوانی، بەم زووانەش تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوییەکان دەکرێت و هەوڵیش دەدەین بەیەک قۆناغ زەوییەکان دابەش بکرێن".
ئاماژەی بەوەش دا:"لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکان بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەست بە دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک بەسەر فەرمانبەراندا دەکەن".
لای خۆیەوە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، سەبارەت بە قۆناغەکانی ئاو ئاوەڕۆ گوتی: "کاروانی ئاوەدانیی بەردەوامە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ 20 ساڵ بەر لە ئێستە، شاری هەولێر تیرەکەی زیاتر 4 کیلۆمەتر بوو، کە نزیکەی 60 کیلۆ مەتر ئاوەدانی بوو، ئێستە ئێمە کەمتر لە 12 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارین، نزیکەی 450 کیلۆمەتر ئاوەدانیی شاری هەولێرە.
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێت: "شاری هەولێر لەم 20 ساڵەدا نۆ بەرانبەر فراوان بووە، ئەو خزمەتگوزارییەی هەیە بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، لە 10 ساڵی ڕابردوو کە بە ساڵانی زێڕینی شاری هەولێر ناو دەبرا، بەردەوام خزمەتگوزاریی یەک لە دوای یەک پێشکەش کراوە و پێش ئەوەی ئاوەدانی بگاتە شوێنەکە ئاوەدانی کراوەتەوە".
گوتیشی: "لە ساڵی 2014وە تاکوو ئێستە هەزاران کیلۆمەتر شەقام دروست کراوە، هەزاران کیلۆمەتر تۆڕی ئاو دانراوە، ماوەیەک بەر لە ئێستەش پرۆسەی فریاگوزاری شاری هەولێر ڕاگەیەندرا، شاری هەولێر لە ڕووی خزمەتگوزاری ئاوەوە جۆرێکی نوێ دەبێت واتە لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە دەگۆڕێت".
ئاری ئەحمەد ڕاشیگەیاند: "زەوییەکانی قەرەبووی پیرڕەش یان گردجووتیار، تاکو ئێستە لە ڕووی خزمەتگوازرییەوە سێ بیریان بۆ لێ دراوە. لە هەفتەی داهاتووش دەست بە دانانی تۆڕەکانی ئاو دەکەین، لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و سێ ئیش و کارەکان بەردەوام دەبێت، تاکوو لەگەڵ ئاوەدان بوونەوەی ئەم شوێنە و دەست پێ کردنی ژیان لێرە ئاو و ئاوەدانی بگەیەنینە ئەم شوێنە".