وەزارەتی دارایی: بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 نزیکەی305 ملیار دینار کورتهێنان هەیە
وەزارەتی دارایی: بۆ دابەشکردنی مووچە چاوەڕوانی گەیشتنی گوژمەی تەواوکاری مانگی ئەیلوولین
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێک لە بارەی پارەی نێردراوەکان بۆ دابەشکردنی مووچە بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت: "نزیکەی305 ملیار دینار کورتهێنان هەیە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچە خۆران".
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: "دوای سەردانی شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بۆ شاری بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق، بەشی زۆری کێشە تەکنیکییەکانی لیستی مووچە چارە کران و بڕیاردرا بەخەرجکردنی هەموو ئەو لێبڕینانەی لەلیستی مووچەی مانگەکانی ڕابردوو ڕاگیرابوون".
سەبارەت بەو بڕە پارانەی بۆ مووچە خەرج کراوە، بە شەش خاڵ وردەکارییەکانی ڕوون کردووەتەوە:
1- ڕۆژی دوو شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2024، بڕی 329 ملیار و 392 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی ئەیلوولی هێزە ئەمنییەکان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
2- بڕی تەمویلی ماوە لە بەردەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دوای پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی مانگی ئاب بریتییە لە 361 ملیار دینار.
3- کۆی گشتی ئەو پارەیەی ئێستا لە بەردەست وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانە بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، بریتییە لە 690 ملیار و 392 ملیۆن دینار بەوەش نزیکەی305 ملیار دینار کورتهێنان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول هەیە.
4- لەسەر بنەمای ئەو بەڵێن و لێتێگەیشتنانەی لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە بە شاندی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دراوە، لەم چەند ڕۆژەدا سەرجەم ئەو لێبڕینانە خەرج بکرێت کە لە مووچەی مانگەکانی ڕابردوو بڕدرابوون، تا بتوانرێت کورتهێنانی مووچەی مانگی ئەیلولی پێ پڕ بکرێتەوە.
5- لەمانگی تەممووزەوە کە مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق کراوە، ئەو تەمویلەی کە بۆ مووچەی خانەنشینان زیاد بووە و بڕەکەی مانگانە نزیکەی 45 ملیار دینارە و سەرجەمی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە، سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا و ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە هیچ تەمویلێک بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان خەرج نەکراوە.
6- زیاتر لە مانگێکە نووسراوی گواستنەوەی پارە لە بڕگەی تەرخانکراوی خەرجی بەکاربردنەوە بۆ بڕگەی تەرخانکراوی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشین لە پشکی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی دارایی عێراقە تا بتوانرێت تەرخانکراوی دارایی بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان دەستەبەر بکرێت، بەڵام هێشتا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە کاری لەسەر نەکراوە.
هەروەها لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هاتووە، وەک وەزارەتی دارایی چاوەڕوانن لەنزیکترین کاتدا گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە خەرج بکرێت بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکەن.