مەسرور بارزانی: هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر ژیانی داهاتووی هاووڵاتی دەبێت
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان زۆر گرنگە، ئەگەر هاووڵاتیی بەشدار نەبێت لە دەنگدان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی، ئەو کاتە خەڵکێکی دیکە لەبری ئەو دەنگ دەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لە قەڵای هەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی هاووڵاتییان ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، هاوکات بە گرنگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.
سەبارەت بە بەشداریی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتی: لەوانەیە هەندێک لە هاووڵاتییان بێ ئومێد کرابن لەلایەن ڕەوتێکی سیاسییەوە پێیان گوترابێت دەنگتان هیچ لە بابەت ناگۆڕێت و بەشداری کردن و نەکردنتان وەک یەکە. بەڵام بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە دەنگدان زۆر گرنگە، ئەگەر هاووڵاتیی بەشدار نەبێت لە دەنگدان و هەڵبژاردنی چارەنووسی خۆی، ئەو کاتە خەڵکێکی دیکە لەبری ئەو دەنگ دەدات.
هاوکات داواکارە لە سەرجەم هاووڵاتییان، کە بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، تا خۆیان بڕیارە لەسەر چارەنووسی خۆیان و وڵاتەکەیان بدەن، هەروەها هەڵبژاردن کاریگەری لەسەر ژیانی داهاتووی هاووڵاتی دەبێت.
لەبارەی بانگەشەی هەڵبژاردنیش دەڵێت: هەر لە سەرەتاوە داوای بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هێمنانەمان کردووە، هەر کەس و لایەنێکیش ئازادە کە چۆن بانگەشە بۆخۆی دەکات و باسی بەرنامەکانی خۆی دەکات.
بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتریی دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.