مەسرور بارزانی: لابردنی کورسی کۆتای پەرلەمان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی لێدان بووە لە مافی پێکهاتەکان
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، پارتی هەمیشە داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و هەر بە هەوڵی پارتی 5 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 8ی تشرینی یەکەمی 2024، لە قەڵای هەولێر، دیدار و گفتوگۆی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گوێی لە داوا و سەرنجی هاووڵاتییان ئامادەبوو لە دیدارەکە گرت و وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانیانی دایەوە، هاوکات بە گرنگییەوە گوێی بۆ پێشنیازەکانیان گرت و بەڵێنی دا لە ئایندەیەکی نزیکدا کاری لەسەر بکات.
مەسرور بارزانی، لەبارەی کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، ڕایگەیاند: هۆکاری نەمانی 11 کورسی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سکاڵایەی کە لە دادگای فیدراڵی لەلایەن یەکێتییەوە تۆمار کرا و، بەداخەوە شانازی بەو کارەشیان دەکەن، ئەمە کارێکی هەڵە بوو.
هاوکات ڕاشیگەیاندووە، یەکێتی هەمیشە دەڵێت پێکهاتەکان لەگەڵ پارتین، ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە پارتی بووەتە جێگەی متمانەی پێکهاتەکان و، لایەنەکانی دیکە نەیانتوانیوە ببنە جێگەی متمانەی پێکهاتەکان بەڕاستی ئەمە کێشەی خۆیانە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لابردنی کورسی کۆتاکان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی لێدان بووە لە مافی پێکهاتەکان، پارتی هەمیشە داکۆکی لە مافی پێکهاتەکان کردووە و هەر بە هەوڵی پارتی 5 کورسیی پەرلەمانی کوردستان بۆ پێکهاتەکان گەڕێندرایەوە.