ئەسقەفە کاتۆلیکییەکانی ئەمریکا: نزامان بۆ ترەمپ نەکردووە

کۆنفرانسی سەردێری کڵێسا (ئەسقەف)ە کاتۆلیکییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان، رەتیان کردەوە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بەو گرووپە ئایینییەوە هەبێت کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەرکەوتوون و نزا و نوێژی لەگەڵ دەکەن.

چیکۆ نۆگۆچی، گوتەبێژی کۆنفرانسەکە، بە ئاژانسی فرانس پرسی راگەیاند: "کۆنفرانسی ئەسقەفە کاتۆلیکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەم کۆبوونەوەی رێکنەخستووە و هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نییە. هیچ زانیارییەکی زیاترم پێ نییە".

رۆژی پنجشەممە، مارگۆ مارتن، یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تێیدا ترەمپ بە دانیشتووی لە پشت مێزەکەیەوە دەردەکەوێت و پیاوانی ئایینی دەورەیان داوە، کە یەکێکیان دەستی خستووە سەر شانی و بە دەنگی بەرز نزا دەکات.

مارتن لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: "ئەسقەف و ئەسقەفی کاتۆلیکییەکان لەگەڵ سەرۆک ترەمپ لە ژووری هێلکەییدا نوێژ دەکەن"، و نیشانەیەکی دڵیشی لەگەڵ پەیامەکەدا دانابوو.