کۆمیسیۆن: لە ڕۆژی دەنگدان قەغەدەی هاتوچۆ ڕاناگەیەنرێت

بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شەقامێکی هەولێر
بانگەشەی هەڵبژاردن لەسەر شەقامێکی هەولێر

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، 40 سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون و ڕەتیشی کردەوە، لە ڕۆژی دەنگدان، قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرێت. 

 ئەمڕۆ چـوارشەممە، 09-10-2024، د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاوەکوو ئێستە نزیکەی 40 سکاڵا لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون. بەشێکی سەرپێچییەکان لابراون، ژمارەیەک کاندیدیش لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە سزادراون و پێ بژاردنیان پێ کراوە؛ هاوکات لێکۆڵینەوە لە چەندان سکاڵا بەردەوامە". 

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد "بانگەشەکە بە شێوەیەکی گشتی بە باشی بەڕێوە دەچێت و تیمەکانمان ڕۆژانە چاودێریی پرۆسەکە دەکەن، هەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەمیش لەسەر شەقامەکان". 

د. عیماد جەمیل لە وەڵامی پرسیاری "ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن بە کوێ گەیشتوون؟" بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت "گەیشتووینەتە کۆتا قۆناغی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ ئامێر، کاغەزی دەنگدان و هەموو پێداویستییەکانی دیکە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە تەواوەتی دابین کراون". 

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەتیکردەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی گشتی ڕابگەیەنرێت و ئـاماژەی بەوە کرد "قەدەغەی هاتوچۆ نابێت، بەڵام بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی 15 بۆ 21ـی ئەم مانگە بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە". 

بە گوتەی د. عیماد جەمیل ژمارەیەکی زۆری کارتەکانی دەنگدان دابەش کراون و داوای لەو دەنگدەرانە کرد کە کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە؛ سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنی کۆمیسیۆن بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.. "چونکە بەبێ کارتی بایۆمەتری، هیچ دەنگدەرێک ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات".

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.