پشتیوان سادق: پارتی بارودۆخی زۆر قورسی تێپەراندووە، ئەم بارودۆخەش تێدەپەڕێنێت
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، پارتی لە کوردستان بارودۆخی زۆر قورسی تێپەڕاندووە بۆیە ئەم بارودۆخەش تێدەپەڕێنێت.
چوارشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2024، د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ ئێمە ڕۆژێکی مێژووییە، کە لەگەڵ پێشمەرگە و هەڤاڵانی خۆمان کۆبووینەتەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕۆژانێک لە شاخ ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دیموکراتی و مەدەنی، دەتوانن بەهەمان شێوە وەک ڕۆژانی ڕابردوو سەروەرییەکی گەورە بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمار بکەن.
ئەو وەزیرە دەڵێت: "من ناتوانم باس و وەسفی خەبات و ڕۆڵی پێشمەگە بکەم، چونکە هەر یەکێک لە ئێوە چیرۆکێکی گەورەی هەیە لە بەرخودان، ئەو هەڵبژاردنەی لە ڕۆژانی داهاتوودا دەکرێت، ئامانج لێی سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست بهێنین، لە هەمان کاتدا پرۆسەی دیموکراسی بەرجستەتر و جوانتر بکەین، لە خەباتی شاخ کە ڕاپەڕین بوو، ئەوە سەرۆک بارزانی بوو فەرمانی دەکرد دامەزراوەی دەستووری لە کوردستان دروست بێت.
دەشڵێت: "لەو هەڵبژاردنەی لە بەردەماندایە دڵنیام لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنێت، هەروەها دەبێت لە گفتوگۆی سیاسی سنوورێک هەبێت،لەو سیاسەتەی سەرانی یەکێتیی زۆرکەس ناڕازییە، ئەو بەڵایەی بەسەر کوردستانیش هاتووە، بەهۆی سەرانی یەکێتییەوەیە، هەتا پێیان دەکرێت ئاسانکاری بۆ نەیارانی کوردستان دەکەن بۆ تێکدانی سەقامگیری و نەهێشتنی کوردستان، لەگەڵ عێراق ڕێککەوە بۆ ئەوەی هەمووشتێک دژی هەرێم بیکات، بەڵام نەیان توانی، هەتا پێشیان بکرێت ئاستەنگ بۆ کوردستان دروست دەکەن، بەڵام دووبارە ناتوانن".
پشتیوان سادق راشیگەیاند: "ئەم هەڵمەتی هەڵبژاردنە کە بەو ئاستە نزمە یەکێتی دەیکات هیچ سنوورێکی نە هێشتووەتەوە و لە هیچ وڵاتێک هەڵمەتی بانگەشە بەو جۆرە نییە و نەمدیوە، من بە داخم بۆ خەڵکی سلێمانی ڕاپەڕین گەرمیان و ناوچەکانی دیکە، کە لەدەست ئەو مافیا گەراییە و جۆرە مامەڵە لەگەڵ ژیان دەکەن، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە کە سەرکەوتنی گەورە لە ڕێگەیە، چونکە پارتی لە کوردستان بارودۆخی زۆر قورسمان تێپەڕاندووە، ئەم بارودۆخەی ئێستەش کە ناڵێم قورسە، تێدەپەڕێنین".