هاووڵاتییانی کەرکووک داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دەکەن
ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کەرکووک لە سەرجەم پێکهاتەکان، دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، گرانیی نرخەکان و دیارنەمانی داهاتی نەوت رژانە سەر شەقام و بە توندی رەخنەیان لە ئیدارەی شارەکە گرت؛ خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیان کرد.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا لە ناوەندی شاری کەرکووک، هاووڵاتییان بە دەنگێکی بەرز ناڕەزایەتییان بەرامبەر پاشەکشەی قووڵی خزمەتگوزارییەکان، گەندەڵی و پەراوێزخستنی دانیشتووانی شارەکە دەربڕی. خۆپیشاندەران جەختیان کردەوە کە ئیدارەی کەرکووک و نوێنەرانی شارەکە لە پەرلەمان، متمانەی جەماوەرییان لەدەستداوە و هیچ پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریی بەرچاویان پێشکەش نەکردووە، بەڵکو شارەکەیان لە هەموو روویەکەوە تووشی داڕمان کردووە.
لە نێو خۆپیشاندەراندا ژنان بە ئازارەوە دەنگی خۆیان بەرز کردەوە؛ یەکێک لە ژنانی بەشداربوو بە کوردستان24ی راگەیاند: "کەرکووک لەسەر خەزێنەی نەوتی جیهان دانیشتووە، کەچی بەساڵاچووان و نەخۆشەکانمان بۆ کەمێک نەوتی سپی لە سەرەی درێژدا دەوەستن! نەخۆشخانەکان دەرمانیان تێدا نییە و دەبێت لە دەرەوە بە گرانی بیکڕین؛ تەنانەت لەبری یارمەتیدان، پێمان دەڵێن باوکتان ببەنە خانەی بەساڵاچووان. ئەی کوا داهاتی ئەو هەموو نەوتەی رۆژانە دەفرۆشرێت.
هاووڵاتییەکی دیکەش باسی رووخاندنی ماڵی هەژاران لە گەڕەکە کوردییەکان بە ناوی زیادەڕۆیی کرد و گوتی، لە کاتێکدا کەرکووکییەکان قوربانییان بۆ ئەم شارە داوە، کەچی بە شۆفڵ دەچنە سەر ماڵەکانیان و بێسەقف و داڵدە جێیان دەهێڵن.
گەنجێکی بەشداربووی خۆپیشاندانەکە باسی لە گرانیی شێتانەی بازاڕ کرد و ئاماژەی بەوە دا، دانانی بازگەی گومرگی لە دەوروبەری کەرکووک وایکردووە هێلکە، مریشک و پێداویستیی رۆژانە بە قاچاخ یاخود بە بەرتیل بهێنرێتە شارەکە، ئەمەش نرخی سەرجەم کەلوپەلی لەسەر هاووڵاتییان دوو هێندە گران کردووە.
خۆپیشاندەران هەروەها ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر گرێبەستە نوێیەکانی کەرتی نەوت و کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی وەک (BP) دەربڕی و رایانگەیاند: لە کاتێکدا هەزاران گەنج و دەرچووی زانکۆ لە کەرکووک بێکارن، کۆمپانیاکان کرێکاری بیانی لە پاکستان، هیندستان و وڵاتانی تر دەهێنن و مووچەی خەیاڵییان پێ دەدەن، لە کاتێکدا گەنجی شارەکە ئامادەیە بە کەمترین مووچە کار بکات.
لە کۆتایی گردبوونەوەکەدا، خۆپیشاندەران جەختیان لەوە کردەوە کە پارێزگار، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و پەرلەمانتاران لە ئاست داواکارییەکانی خەڵکدا شکستیان هێناوە و تەنیا خەریکی پڕکردنی گیرفانی خۆیانن؛ بۆیە وەک تەنیا رێگەچارە، داوای هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دادگاییکردنی بەرپرسانی کەمتەرخەم دەکەن.