مەسرور بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵی جەماوەریی سەرخستنی لیستی پارتی لە سۆران کرد

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

مەسرور بارزانی بەشداریی لە کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ  سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، لە شاری سۆران کرد

کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-10-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵێکی جەماوەریی بۆ  پشتیوانیکردن و سەرخستنی لیستی 190ی پارتی، لە شاری سۆران بەڕێوە چوو.

پارتی بە 190 کاندیدەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات و بەم شێوەیە دابەشکراون: 

1.  هەولێر: 64 کاندید (44 پیاو و 20 ئافرەت)

2.  دهۆک: 48 کاندید (33 پیاو و 15 ئافرەت)

3.  سلێمانی: 72 کاندید (50 پیاو و 22 ئافرەت)

4.  هەڵەبجە: شەش کاندید (چوار پیاو و دوو ئافرەت)

بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممەوە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.

دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.

دابەشکاریی ژمارەی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: 32 کورسی

2.  سلێمانی: 36 کورسی

3.  دهۆک: 24 کورسی

4.  هەڵەبجە: سێ کورسی

(کۆی گشتی: 95 کورسی)

دابەشکاریی ژمارەی کورسیی کۆتای پەرلەمانی کوردستان بەسەر پارێزگاکاندا:

1.  هەولێر: دوو کورسی

2.  سلێمانی: دوو کورسی

3.  دهۆک: یەک کورسی

4.  هەڵەبجە: سفر کورسی

(کۆی گشتی: 5 کورسی)

ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق

د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "تاوەکوو ئێستە نزیکەی 40 سکاڵا لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون. بەشێکی سەرپێچییەکان لابراون، ژمارەیەک کاندیدیش لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە سزادراون و پێ بژاردنیان پێ کراوە؛ هاوکات لێکۆڵینەوە لە چەندان سکاڵا بەردەوامە". 

د. عیماد جەمیل لە وەڵامی پرسیاری "ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن بە کوێ گەیشتوون؟" بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت "گەیشتووینەتە کۆتا قۆناغی ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ ئامێر، کاغەزی دەنگدان و هەموو پێداویستییەکانی دیکە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بە تەواوەتی دابین کراون". 

سەرۆکی تیمی ڕۆژنامەوانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕەتیکردەوە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆی گشتی ڕابگەیەنرێت و ئـاماژەی بەوە کرد "قەدەغەی هاتوچۆ نابێت، بەڵام بە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژانی 15 بۆ 21ـی ئەم مانگە بەهۆی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە".