نێچیرڤان بارزانی: پارتی ئامانجێتی کوردستان بگەیەنێتە قۆناغێکی گەشتر و سەرکەوتوو تر

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگی جەماوەری پارتی لە دهۆک بۆ پشتیوانی کردن لە لیستی 190ـی پارتی گوتی: پارتی ململانێ لەگەڵ هیچ حزبێک ناکات، پارتی ئامانجێتی کوردستان بگەیەنێتە قۆناغێکی گەشتر و سەرکەوتوو تر.
شەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، بە ئامادەبوونی هەردوو جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، گەورەترین ئاهەنگی پشتیوانی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یاریگای دهۆک بەڕێوەچوو.
دوای ناساندنی کاندیدەکانی لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی دهۆک لە چوارچێوەی ئاهەنگەکەدا، نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوتارێکدا سڵاوی سەرۆک بارزانی گەیاندە خەڵکی بادینان، گوتی: ڕۆژی 20ـی مانگ رۆژی دەنگدانە، ئەمڕۆ لەگەڵ برای خۆم مەسرور بارزانی و سەرکردایەتی پارتی هەموو پێکەوە لەگەڵ خەڵکی خۆڕاگری بادینانین، پەیمانی سۆز و پەیمانی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی و شەهیدان و ئازادی، نوێ دەکەینەوە و سەرکەوتنێکی دیکەی گەورە بۆ بادینان تۆمار دەکەین.
گوتی: ئەو هەڵبژاردنە بۆ کوردستان زۆر گرنگە بۆ ئەوەی شەرعیەتی بەڕێوەبردن نوێ بکەینەوە، سەرکەوتنی پارتی سەرکەوتنی کوردستانە، سەرکەوتنی پارتی مسۆگەر کردنی مافەکانی کوردستان و پێکهاتنەکانە، مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی گەشترە، لە ناوچەیەکی بارودۆخێکی ئاڵۆزداین، ئێمە پێویستمان بە سەرکردایەتی بە هێز هەیە کە پارتییە، ئەو پارتیەی کە مافی هەرێمی کوردستان و پێکهاتەکان زامن دەکات بۆ پاشەرۆژێکی گەشتر.
گوتی: ئەو هەڵبژاردنە بۆ بادینان گرنگە، دەڵێن: بەو سیستەمە نوێیەی دەنگدان، ڕۆڵ و کاریگەریی بادینان دیار دەکەن، بۆیە پێویستە نەهێڵن خەونی ناحەزان بێتە دی، دەبینین دڵگەرمی و دڵسۆزی و پەرۆشی ئێوە، هاوارێکی گەورەی ئێوەیە، بادینان ناوەندێكی سەرەکی هێز و شیان و باوەڕی پارتییە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە، ئەمجارەش دەنگی ئەوان بۆ پارتی و لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستانە، گوتی: پارتی و بادینان و ڕێبازی بارزانی خوێن و گۆشتی جەستەیەکین، بناغەی کوردایەتین، پەیوەندی پارتی و بادینان، بەشێکی گرنگ و سەرەکی ناسنامەی کلتووری بادینانە، هیچ ماڵباتێک لە بادینان نییە چیرۆکێکی دڵسۆزی و وەفا و خەبات و تێکۆشانی لەگەڵ ڕێبازی بارزانی و پارتی نەبێت، لەهەر دەرگایەک بدەی لە بادینان، باسی خەبات و تێکۆشانی خۆی دەکات لەگەڵ پارتی بۆ سەربەرزیی و سەرفرازی گەلی کوردستان.
لە مێژووی سەرەتای دروستبوونی پارتی، خەڵکی بادینان و جوگرافیای بادینان، پێکهاتە و بەشێکی سەرەکی پارتی بوونە، پەیوەندی نێوان پارتی و بادینان، بە گیان و خوێنی شەهیدان و بیر و باوەڕ دروست بووە.
گوتی: سەردەمی شۆڕش هەنگاو بە هەنگاو، هیچ شوێنێکی بادینان نەبووە کە بە داستان و چیرۆکی سەرکەوتنی پارتی و پێشمەرگە و شەهیدی پارتی بەیەکەوە نەبەسترابێتەوە، پەیوەندی پارتی و بادینان چیرۆکی عەشقێکە بە هیچ شێوەیەک لێک جوودا نابنەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بە پشتیوانی بەردەوامی بەهێزی بادینان بۆ پارتی، هەموو کاتێک پارتی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا خاوەن هزر و بڕیار بووە، هەر کاتێک پارتی سەرکەوتوو بووە، کوردستان سەرکەوتوو بووە، کاتێک ئێوە لە پشت پارتینە، ئەنفال و کیمیاباران و تۆپ بارانکردن و داعش، فشاری نەیاران پارتییان نەشکاندووە، پارتی سەربڵندە بە پشتیوانی ئێوە و بەردەوام دەبێت لە سەرکەوتن.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بە پشتیوانی ئێوە قۆناغێکی سەختمان تێپەڕ کرد، بە پشتیوانی ئێوە پارتی هەر دەمێنێت و هەر سەردەکەوێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی کوردستان و پێشکەوتنی زیاتری کوردستان، دەبینن ساڵ و دوای ساڵ سەرباریی ئالەنگارییەکان دێنە بەردەم پارتی، پارتی خزمەتی زیاتر پێشکەش دەکات، هەموو ئەوانەش لە خواستی ئێمە نییە، پارتی ململانێ لەگەڵ هیچ حزبێک ناکات، پارتی ئامانجییەتی کوردستان لەو قۆناغە بۆ قۆناغێکی گەشتر و باشتر ببات.
دەڵێت: خزمەتکردن ئەرکی پارتییە و پارتی منەتی خزمەتکردن لە کەس ناکات، بەسەرکردایەتی و سەرکێشی پارتی لە ئیدارە و حکوومڕانی کاروانێکی دورودرێژی ئاوەدانی بووە، وەختێک ئاواکاری هەبێت، ئاستەنگ و کێشە و کەم و کوڕی دروست دەبێت، ئەوەی هیچ نەکات تەنها بۆڵە بۆڵ بکات و گازاندە بکات هیچی پێ نییە بۆ خزمەتکردن، پارتی بەرپرسیارەتی هەڵدەگرێت، پارتی بێ جەماوەری پارتی نەیتوانییوە هیچ بکات، پارتی پشت ئەستوورە بە پشتیوانی جەماوەرەکەی.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: بۆ قۆناغی داهاتووش دیسان بە پشتیوانی ئێوە بەردەوام دەبین و سەردەکەوین و باشتر خزمەت دەکەین، باشتر وڵاتەکەمان ئاوەدان دەکەینەوە، هاوکات کێشەکان چارە دەکەین بۆ ئەوەی ژیانی هەمووان باشتر بکەین.
گوتی: ڕۆژی 20ـی پەیمانی ئێمە بۆ خوێنی شەهیدان دەچینە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ دەدەینە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی خۆڕاگری و ئاوەدانی و پێکەوەیی و ئارامی.