ماکرۆن داوا لە حزبوڵڵا دەکات هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

سەرۆکی فەرەنسا داوا دەکات حزبوڵڵا دەستبەجێ هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل ڕابگرێت و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت بە زووترین کات ئاگربەست لە لوبنان ڕابگەیەندرێت.

ئەمڕۆ شەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەبیە بێری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان، داوای کرد، کە دەبێت دەسبەجێ ئاگربەست لە لوبنان ڕابگەیەندرێت، هاوکات داوا لە حزبوڵڵا دەکات کە دەست بەجێ هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر وڵاتی ئیسرائیل ڕابگرێت.

هاوکات ماکرۆن نیگەرانی زۆری خۆی لە بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان دەربڕی. ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی جار خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ماکرۆن پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی لوبنان کرد و گوتی: لەپێناو سەقامگیری وڵاتەکەتان یەکڕیز بن و پێکەوە ڕووبەڕووی ئەم تاقیکردنەوە نوێیە ببنەوە، بە پشتیوانیکردن لە بەرنامەیەکی سیاسی تۆکمە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ لبنان کە گەرەنتی یەکگرتوویی و پاراستنی وڵات بکات.

سەرۆکی فەرەنسا دووپاتی کردەوە، کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێکخستنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە گەلی لوبنان و سەروەری وڵاتەکە، کە لە 24ـی ئۆکتۆبەر لە پاریس کۆنفرانسەکە بەڕێوەدەچێت.

ماکرۆن، پابەندبوونی فەرەنسای لە چوارچێوەی یونیفیل (هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان) دووپاتکردەوە و ناڕەزایی خۆی لە بە ئامانجگرتنی ناڕەوای سەربازانی یونیفیل لەلایەن ئیسرائیلەوە دەربڕی کە لەم دواییانە هێرشیان کرابووە سەر. 

بە گوێرەی زانیارییەکان لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا پێنج ئەندامی یونیفیل برینداربوون، کە هێزەکانی ئیسرائیل تۆمەتبارکراون بەوەی چەندین جار و بە ئەنقەست تەقەیان لە پێگەکانیان کردووە.

هێزی کاتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیل)، هێزێكی فره‌ڕه‌گه‌زی نێوده‌وڵه‌تیی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ بۆ پاراستنی ئاشتی له‌ باشووری لوبنان له‌ دوای شه‌ڕی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی 2006. ئه‌م هێزه‌ ساڵی 1978 دامه‌زراوه‌ و له‌ لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرێت و باره‌گه‌ی سه‌ره‌كی له‌ شاری ناقووره‌یه‌.