لیژنەی دارایی هۆشداری دەداتە وەزیری دارایی عێراق

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ تایف سامی، جەختی کردووەتەوە: "پشتبەستنی عێراق بە داهاتی نەوت، ئابوورییەکی ناجێگیری درووست کردووە".

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، میوانداریی هەریەک لە وەزیری دارایی، سەرۆکی دەستەکانی گومرگ و باجەکان کرد و گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی دارایی عێراقەوە کرد.

عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە: "تەنیا پشتبەستن بە داهاتی نەوت وایکردووە عێراق خاوەنی ئابوورییەکی ناجێگیر بێت". 

عەتوانی جەختی کردووەتەوە: "ئەو ناسەقامگیرییەی لە ئابووریی عێراقدا هەیە بووەتە هۆی پەککەوتنی پلانی گەشەپێدانی ئابووریی عێراق".

بەپێی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی لیژنەی دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بایەخ بە داهاتە نانەوتییەکان بدرێت و قەبارەیان لە کۆی داهاتی گشتییدا زیاد بکرێت.