"بەهێزترین زریان" لە بەنگلادیش و هیندستانی دا؛ 22 کەس گیانیان لەدەستدا
.jpg)
K24 - هەولێر
زریانێکی بەهێز بەنگلادیش و رۆژهەڵاتی هیندستانی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە تاوەکو ئێستا بەلایەنی کەمەوە 22 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی زۆر خانوو تەختی زەوی بوون و هەزاران دار بە رەگەوە هەڵکەنراون.
زریانی ئەمفان، رەشەبایەکی لەگەڵە کە خێرایی 150 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بووەتە هۆی هەڵکەندنی ستوونی کارەبا و رووخانی ژمارەیەکی زۆر خانوو و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک.

لافاو بەشێکی زۆری شاری کالکۆتای لە هیندستان گرتووەتەوە، زۆربەی شەقامەکان ژێرئاو کەوتوون و فڕۆکەخانەی شارەکەش پڕ بووە لە ئاو.
ماماتا بانێرجی، سەرۆکوەزیرانی بەنگالی رۆژئاوا بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند "کاریگەریی ئەو زریانە لە کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاترە. بەلایەنی کەمەوە 12 کەس تائێستا بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە".

لە بەنگلادیش رەوشەکە لە کالکۆتا باشتر نییە، بەپێی گوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەلایەنی کەمەوە 10 کەس بەهۆی زریانەکە گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵ و پیاوێکی تەمەن 75 ساڵ، کە بەهۆی کەوتنی دار بەسەریاندا گیانیان لەدەستداوە.
زریانی ئەمفان، یەکەم زریانی بەهێزە لەدوای ساڵی 1999ـوە کە لە کەناری بەنگالەوە دروست دەبێت، زریانەکە هاوشانە لەگەڵ رەشەبایەکی بەهێز و وێرانکەر.

ئەنوەر حوسێن، بەرپرسێکی کەناراوەکانی بەنگلادیشە و ئاماژە بەوە دەکات، زریانەکە زیانێکی زۆری گەیاندووە، هەزاران داری بەڕەگەوە هەڵکەندووە، ژمارەیەکی زۆر بەنداویش تێکچوون و ئاوەکەیان بە گوندەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
دوایین زریانی بەهێز کە ئەو ناوچانەی هیندستان و بەنگلادشی گرتووەتەوە، لە ساڵی 1999 بووە، 10 هەزار کەس لە هەرێمی ئۆدیشای هیندستان بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، پێش ئەویش لە ساڵی 1970 یەک ملیۆن کەس بەهۆی زریانێکی بەهێز لەناوچەکە گیانیان لەدەستدابوو.
