پێنتاگۆن: سیستەمی دژە مووشەکی بالیستیک لە ئیسرائیل دادەنێین

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، پاترییەکی بەرگری ئاسمانی بۆ ناوچە بەرزەکان و تیمێکی پەیوەندیدار دەنێرێت بۆ ئیسرائیل.
وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا 'پێنتاگۆن' بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "ئامانجی جێگیرکردنی سیستەمی دژە مووشەکی بالیستیک بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی ئیسرائیلە لە دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە".
ڕۆژی شەممە، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکییەوە بڵاویکردەوە، "هێشتا بڕیاری جێگیرکردنی سیستەمی 'THAAD' لە ئیسرائیل نەدراوە".
تاد، سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی دژە مووشەکییە و دەتوانێت لە بەرزاییەکانەوە مووشەکەکانی بالیستیک و مەودای مامناوەند ڕابگرێت، کە ئەو سیستەمە لەلایەن ئەمەریکا و ژمارەیەک هاوپەیمانەکانییەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام چین و ڕووسیا دژی جێگیرکردنین لە کۆریای باشوور کە هاوپەیمانی ئەمەریکایە.
لەلایەکی دیکەوە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەڵامدانەوەی ئێرانەوە، ئەمەریکا پاترییەکی بەرگری ئاسمانی تاد لە ئیسرائیل جێگیر دەکات بۆ ڕێگریکردن لە مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا.