ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی: ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردن نابێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دڵنیایی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەدات. ئاماژە بەوەش دەدات: "ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران، یەکلاکەرەوەیە".
دووشەممە، 14-10-2024، هۆشیار زێباریی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی لە شاری دهۆک، لە بارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشە و ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ پرۆسەکە، ساز کرد.
دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دڵنیایی دا: "شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵلای لوبنانی و گرژی و ئاڵۆزییەکانی دیکەی ناوچەکە کاریگەرییان لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان نابێت و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا دەکرێت؛ دەشمانەوێت حوکمڕانییەکی باش و لێهاتوو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی بتوانێت ڕووبەڕووی ئالنگارییەکانی داهاتوو ببێتەوە".
زێباری گوتی: "داوامان لە کونسوڵخانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە چاودێرییەکی وردی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بۆ ئـەوەی پرۆسەکە بە پاکی و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری بەڕێوە بچێت".
بە بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە بەیانیی چوارشەممە، 25-09-2024، بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە و تاوەکوو 15-10-2024 بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، بە گوتەی زێباری: "پارتی خۆی لە بێڕێزی و تەشهیرکردن بە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پاراستووە و ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە وەڵامی هەموو قسە، بێڕێزی و زماندرێژییەکیان بەرامبەر پارتی دەدەینەوە".
سبەینێ سێشەممە 15-10-2024، دوایین وادەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری تایبەت بە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، داوای لەو دەنگدەرانە کرد کە کارتەکانیان وەرنەگرتووە، سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکەن.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی کردەوە: "ڕێژەیی بەشداریی دەنگدەران بە تایبەت لە دەڤەری بادینان یەکلاکەرەوەیە، واتا چەند ڕێژەکە زیاتر بێت، پارتی کورسی زیاتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بە دەست دەهێنێت".