لوبنان: سوپای ئیسرائیل تونێلێکی 800 مەتری حزبوڵلای دۆزیوەتەوە

ئەفیغای ئەدرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە تونێلێکی 800  مەتری لە باشووری لوبنان دۆزیوەتەوە، کە وەک بارەگای فەرماندەیی هێزی ڕەزوانی حزبوڵای لوبنان بەکار هێنراوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت: "تونێلەکە، مووشەکی دژە فڕۆکە و تەقەمەنی و ماتۆڕسکیل و خواردەمەنی و چێشتخانە و شوێنی حەوانەوەی تێدا بووە".

سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاند: "هێزی ڕەزوان بە نیاز بووە ئەو چەک و کەلوپەلانە  وەک بەشێک لە پلانی چوونە ناو جەلیل بەکار بهێنێت".

بە گوتەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل: "کاتێک سەربازەکان گەیشتوونەتە تونێلەکە، کوپێک قاوەیان دۆزیەوەتەوە کە هێشتا گەرم بووە".

ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت: "ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکانمان لە لوبنان، نەهێشتنی تواناکانی حزبوڵلا و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەلامەتیی دەیان هەزار کەسی ئاوارەی لە باکووری ئیسرائیلە، بەهۆی هێرشەکانی ئەو حزبە لە لوبنانەوە، کە هاوکات لەگەڵ شەڕی غەززە دەستی پێ کردووە".