رووماڵ

ئومێد خۆشناو: ئەوانەی باسی هەولێر دەکەن، هەولێر لە دەستێکی ئەمین دایە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر لە کەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەری شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری بەڕێوەچوو، ئومێد خۆشناو گوتی: ئەوانەی باسی هەولێر دەکەن، هەولێر لە دەستێکی ئەمین دایە.

سێشەممە 15ـی تشرینی یەکەمی 2024، کەرنەڤاڵی گەورەی جەماوەری شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی لە یاریگای شەهید فەرەنسۆ هەریری بەڕێوەچوو، لە چوارچێوەی کەرنەڤاڵەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگار هەولێر بۆ کوردستان24 گوتی: ئەو کەرنەڤاڵە هێجانی جەماوەری هەمیشە بە هەڵوێستی هەولێری هۆلاکۆ بەزێنە، ئەمڕۆ هەولێر قسە دەکات، قسەکانی پەیامێکە بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کە ئێوارەی 20ـی ئۆکتۆبەر بە دەنگی پارتییەکان، دەنگی کوردستان ویستەکان، بە هەڵوێستی نیشتمانی، خەڵکی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی پارتی دیموکراتی کوردستان تۆمار دەکرێت، گوتی: هێشتا سەعاتێک ماوە بۆ دەستپێکردنی ئاهەنگەکە، بە خۆشحاڵییەوە ناوەو دەرەوەی یاریگا بە هەزاران خەڵکی لێیە، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو قسەیەی هەولێر ڕاستە کە دەڵێت، پارتی و هەولێر لێک جیاواز نابنەوە، هەولێر و پارتی دووانەیەکی تەواوکری یەکترن، هەولێر و پارتی خەسڵەت و بیرکردنەوە و تێڕوانینیان وەکو یەک کوردستانی، وەکو یەک نیشتمانییە.

ئومێد خۆشناو گوتی: ئەوەی لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری دەبیندرێت، پەیامی هەولێرە و ئێوارەی 20ـی مانگ پەیامەکە کۆتایی پێ دێت بە سەرکەوتنی گەورەی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان.

ئومێد خۆشناو گوتی: ئەو لایەنانەی خۆیان پێ ڕکابەری پارتییە، وەکو پارتی خاوەن مێژوو نین بۆ ئەوەی باسی مێژووی خۆیان بکەن، وەکو پارتی ئەمڕۆیان نییە تاکوو باسی ئەمڕۆیان بکەن، وەکو پارتی دیدگاشیان بۆ ئایندە نییە، بۆیە تەنها لە باڵای نزمی خۆیانەوە دەست بۆ باڵای بەرزی پارتی دەبەن.

پارێزگاری هەولێر گوتی: ئەگەر ئەوان باسی ڕووخاندن دەکەن، میللەت ڕووخانی ڕەفز کردووەتەوە، میللەت ئەوان دەڕوخێنی، ئەگەر ئەوان باسی لەناوبردن دەکەن، ئێوارەی 20ـی مانگ دەردەکەوێت میللەت کێ لەناو دەبات، ئەگەر ئەوان باسی تێکدان دەکەن، میللەت ئاوەدانی دەوێت، ئارامی دەوێت، بە یەکەوەیی و خۆڕاگریی دەوێ، ئەو هەرسێ چەمکە دروشمی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پارتی و خەڵک یەک بیرکردنەوەیان هەیە، خەڵک خۆشگوزەرانی دەوێت لەگەڵ ژیان، بۆیە بیرکردنەوەی ئەوان خزمەتی بە ئێمە کرد لەبەر ئەوەی خەڵک تێگەیشت لەوەی ئەو لایەنانە چیان دەوێت و پارتی چی دەوێت، خەڵک دەزانێت چی دەوێت، بەڵام ئەوان نازانن چیان دەوێت، ئەوانەی باسی هەولێریش دەکەن، هەولێر لە دەستێکی ئەمین دایە، هەولێر خودانی خۆی هەیە، هەولێر لە ساڵی 1996 ەوە دراوەتەوە دەستی هەولێرییەکان، ئەوانەی ڕاو و ڕووتیان لە هەولێر دەکرد، خەڵکی هەولێر لە ساڵی 1996 ەوە لە دەستییان ڕزگاریی بووە و ئارامی بەخۆیەوە دیتووە، خەڵکی هەولێر هەمووانی تاقی کردەوە، خەڵکی هەولێر پارتی قەبوڵە و پارتیش خەڵکی هەولێری قەبوڵە.

گوتیشی: ئەوەی لە ڕابردوو کراوە، ئەگەر بەربەست دروست نەبووا، زۆر زیاتر دەکرا، نێوان ئێمە و ئەوان زۆر دوورە، ئێمە لە حکوومەتی ئایندە بە دڵنیاییەوە زۆر زیاتر پێشکەشی خەڵکی کوردستان دەکەین.