مەسرور بارزانی: لە کابینەی نۆیەم بایەخەکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگەوبان داوە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی جووتسایدی (بەردەڕەش-خەبات) ـی دانا و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند: "ئەم ڕێگەیە کاریگەرییەکی زۆری دەبێت و سوود بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت." 

لە کابینەی نۆیەمدا وەکوو ئەوەی مەسرور بارزانی گوتی: "بایەخێکی زۆرمان بە دروستکردنی ڕێگاوبان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان داوە و هەرێمی کوردستان پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە دوای دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕێگاوبانانە و ژمارەیەکی زۆری دیکەی پرۆژەی هاوشێوە لە پلان و بەرنامەماندان و لە داهاتوودا جێ بەجێ دەکرێن." 

جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات وەکوو ئەوەی سەرۆک وەزیران باسی کرد: "ڕێگەیەکی گرنگی ئابوورییە کە هەولێر بە دهۆک و مووسڵەوە دەبەستێتەوە. ڕێگەیەکی گرنگیی بازرگانیشە بەوپێیەی کاتێک بارهەڵگر لە تورکیاوە دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر دەچنە پارێزگاکانی دیکەش عێراقیش، ئەم ڕێگەیە بە کار دەهێنن." 

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد: "ڕێگەکە پێشتر بە کوالێتییەکی باش و بە گوێرەی ستانداردی نێودەوڵەتی دروست نەکرابوو و قەرەباڵغییەکی زۆریشی لەسەر بوو، ئەمەش بووە هۆی ڕوودانی ژمارەیەکی زۆری ڕووداوی هاتوچۆ، بە دروستکردنی ڕێگەکە بەو پلان و دیزاینەی بۆ ئامادە کراوە، هیوادارین هەم ئاسانکاریی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان بکات و هەمیش ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم بکاتەوە." 

سەرۆکی حکوومەت دڵنیایی دا: "لەوەی ڕێگەوبانەکانی هەرێمی کوردستان باشتر دەکەن، بەڵام هاوکات داوای لە هاووڵاتی و شۆفێران کرد پابەندی ڕێنماییەکانی هاتوچۆ بن و بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و ئەوانەی لەگەڵیانن، بە خێراییەکی زۆر ئۆتۆمبێل لێ نەخوڕن." 

مەسرور بارزانی بە پێویستیشی زانی خزمەتی زیاتری دەڤەری بەردەڕەش و دەوروبەری بکرێت و دووپاتی کردەوە: "ئاستی خزمەتگوزارییەکان لەو دەڤەرە بەداخەوە لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبوون و ویستوومانە زیاتری بۆ بکەین، بەڵام لەبەر هۆی جیاواز نەماتوانیوە وەکوو پێویست لە خزمەتی ئەم دەڤەرەدا بین؛ سەرەڕای ئەوەی پرۆژەی باشیش جێ بەجێ کراون." 

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی دەڤەری بەردەڕەش لە ڕووی کشتوکاڵییەوە کرد گوتی: "چەندان بەرهەمی جووتیارانی دەڤەری بەردەڕەش هەناردەی وڵاتانی ناوچەکە کراون و پلان بۆ زیادکردنی ئەو بەرهەمانە و جێبەجێکردنی چەندان پرۆژەی خزمەتگوزاریی دیکەمان بۆ ئەم دەڤەرەیە هەیە." 

درێژایی پرۆژەی جووتسایدی بەردەڕەش-خەبات نزیکەی 35 کیلۆمەترە و بە گوژمەی زیاتر لە 98 ملیار دینار جێ بەجێ دەکرێت. پرۆژەکە، هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگەیەکی سەرەکیی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانە. 

 

 

دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا و قەدرگران
سوپاسی ئامادەبوونی ئێوە هەمووان دەكەم

ئەمڕۆ لێرەین بۆ دانانی بەردی بناغەی جووتسایدی بەردەڕەش - كەڵەك. ئەم ڕێگەیە بێگومان زۆر كاریگەر دەبێ و سوودی بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

لەم كابینەیەدا ئێمە گرنگییەكی زۆرمان بە دروستكردنی ژێرخانی ڕێگەوبان لە سەرانسەری كوردستان داوە و هەرێمی كوردستان پێشكەوتنێكی زۆر بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، پاش ئەوەی ئەم ڕێگەوبانانە دروست كران، زۆر پرۆژەی دیكەش هەن بۆ ئەوەی هەموو كوردستان سوود لە ڕێگە و جووتسایدی پێشكەوتوو بە شێوازێكی پێشكەوتوو و ستانداردێكی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هاووڵاتیان ببینێت.

سوپاسی وەزیر و وەزارەت و كەرتی تایبەتیش دەکەم كە هەموویان هاریكار بوون بۆ فراوانكردنی تۆڕی شەقام و رێگەوبانان لەسەر ئاستی هەموو هەرێمی كوردستان.

ئەم دوو سایدەی نێوان كەڵەك و بەردەڕەش، نەك هەر بە تەنیا خەبات و بەردەڕەش پێكەوە گرێ دەدا، بەڵكوو ڕێیەكی گرنگی ئابووریشە كە پارێزگای هەولێر لەگەڵ پارێزگای دهۆك و پارێزگای مووسڵیش پێكەوە گرێ دەدات. هەروەها زۆرجار بارهەڵگر كە دێنە هەرێمی كوردستان و بۆ بەشەكانی دیكەی عێراقیش دەچن، سوود لەم ڕێگەیە وەردەگرن.

ئەم ڕێگەیە رەنگە لە ئاستێكی باش نەبووبێت، مخابن زۆرجار ڕووداوی ناخۆشی لێ ڕووداوە، چونكە لە ئاستێكی ستاندارد نەبووە و هاتوچۆیەكی زۆر و قەرەباڵغییەكی زۆری لەسەر هەبووە. ئێستا بە دروستكردنی ئەو ڕێگەیەی كە بەم شێوازە دیزایین كراوە، ئومێدی ئێمە ئەوەیە كە هەم هاتووچۆ ئاسانتر بێ، هەمیش سەلامەتتر بێت بۆ هەموو هاووڵاتیان.

ئێمە هەوڵدەدەین ڕێگەكان باشتر بكەین، ئەوەی ئێمەش كردوومانە زیاتر بۆ سەلامەتی و خزمەتی خەڵكی كوردستانە، بەڵام ئەركێكی دیكەش دەكەوێتە سەر شۆفێر و هاووڵاتیانی كوردستان كە ئەوانیش پێویستە ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن، كاتێك شەقامەكان خۆش دەبن، مانای وا نییە كە دەبێ خێراتر لێبخوڕن، بەڵكوو ڕێنماییەكانی هاتوچۆ لەبەرچاو بگرن بۆ پاراستن و سەلامەتیی خۆیان و ئەو كەسانەی كە لەسەر ئەم شەقامە لە ئۆتۆمبێلی دیكەش دان. لەبەر ئەوە داوای ئێمە لە هەموو هاووڵاتیان ئەوەیە كە گرنگیی بە سەلامەتیی خۆیان و سەلامەتیی خەڵكی دیكەی كوردستانیش بدەن.

دەڤەری بەردەڕەش یەكێكە لەو دەڤەرانەی كە زۆر شایستە و شایانی ئەوەیە كە خزمەتێكی زۆر بكرێت، بەداخەوە ئەو خزمەتگوزارییەی كە لەم دەڤەرانە هەبووە، لە ئاستی ویستی ئێمە كەسدا نەبووە و ئێمە حەزمان كردووە كە زۆر زیاتری بۆ بكەین، بەڵام مخابن ئەو ماوەیەی تێپەڕی لەبەر زۆر هۆكاران، بارودۆخ ڕێی نەداوە كە لە خزمەتی ئەو دەڤەرەدا بین، هەرچەندە شتی باش كراوە و لە بەرنامەشدایە ئەگەر خوا دەرفەت بدات و بەردەوام بین لە خزمەتی ئێوە، ئینشائەڵا شتی باشتریش دەكرێت، بە تایبەتیش لە كەرتی ئاو، كارەبا، ڕێگەوبان، تەندروستی و قوتابخانە شت لەم دەڤەرە كراوە، بەڵام زۆر زیاتر پێویستە، بە تایبەتیش كە دەڤەرێكی زۆر فراوانە و گوندی زۆری لێیە. ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ ئینشائەڵا كەمتەرخەمی ناكەین. هەروەها لە ڕووی ئابوورییەوە ئەم دەڤەرە زۆر بەسوودە، زێی زۆر لێیەوە نزیكە، ناوچەیەكی زۆر بەخێرە بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ كشتوكاڵ، هەم بۆ پیشەسازی، هەم بۆ گەشتوگوزاری دەتواندرێت ئەم دەڤەرە زیاتر پێش بخرێت و خزمەتێكی زۆر باشتر بكرێت، چەندی پێشكەوتن لەم دەڤەرەدا هەبێت، هاریكار دەبێت بۆ باشتركردنی باری ئابووری لە هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی.

بەرهەمی ئەم دەڤەرە وەك برنج، پەتاتە، تەحین، ئێستا لە هەموو جێیەك بڵاو بۆتەوە، نەك تەنیا لەسەر ئاستی كوردستان، بەڵكوو گەیشتۆتە دەرەوەی كوردستانیش. هیوادارین ئەم بەرهەمانە زیاتر ببن و بە شێوازێكی باشتر و بە سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای نوێ ئێمە بتوانین ئاستی بەرهەمەكان باشتر بكەین و زیاتر بكەین، تاوەكوو لە رووی بازرگانیشەوە دەڤەری ئێوە چەندە گرنگە، زیاتر رۆڵی خۆی ببینێت بۆ باشتركردنی ئابووری لە هەرێمی كوردستان.

هەروەك باسم کرد زێ لێرەیە و دەتواندرێت گەلێك پرۆژەی دیكەی گەشتیاری لەم دەڤەرە دروست بكرێ، لە ڕووی پیشەسازییەوە دەتواندرێت كە گرنگییەكی زیاتری پێبدرێت هەرچەندە ئێمە دەبینین پرۆژە دادەمەزرێن و هەن، ئینشائەڵا رۆژ بە رۆژ ئەم پرۆژانە زیاتر دەبن و خەڵكی ئێمەش زیاتر سوودمەند دەبن و سوودی لێ دەبینن.

هیوادارم لە كاتێكی زوودا كۆمپانیای جێبەجێكار ئەم شەقامە بە ئاستێكی باش و كوالێتییەكی باشی نێودەوڵەتی جێبەجێ بكات و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیان.
هەر ساخ و سەلامەت بن و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.