رووماڵ

سەرۆکی یەکێتی پێشێلی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکات

سەرۆکی یەکێتیی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی بانگەشە کردن بۆ لیستی حزبەکەی پێشێلیی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد.

دوای تێپەڕبوونی 48 کاتژمێر بە سەر ڕاگرتنی بانگەشەی هەڵبژاردن و نزیکبوونەوەی لە دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت، سەرۆکی یەکێتیی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی بانگەشە بۆ لیستی حزبەکەی، پێشێلیی یاساکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد.

بانگەشەکەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی لە هەندێک لە مێدیاکانی سەر بە حزبەکەی بڵاو کراوەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کاتژمێر حەوتی بەیانی سبەی هەینی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان و هەشت ناوچەکەی دیکەی عێراق بۆ دەنگدانی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی و ئەندامانی کورد لە ڕیزەکانی سوپای عێراق بەڕێوەدەچێت؛ ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت 215 هەزار و 960 دەنگدەرە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبات، ماوەی 20 ڕۆژی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵمەتی بانگەشە دیاری کردبوو کە لە 25ی ئەیلوول تاوەکوو 15ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا لیست، هاوپەیمانیی لایەنە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان بانگەشە بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

بە گوێرەی بڕیار و ڕێنمایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق،  هەر کاندید و لیستێک تا کۆتایی هاتنی دەنگدانی تایبەت لە 18 و دەنگدانی گشتیی لە 20ی ئەم مانگە بە هەر شێوازێک بانگەشە بکات، ئەوە بەسەرپێچی لە یاسا و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەسەری هەژمار دەکرێت، بۆ ئەمەش بە گوێرەی یاساکانی هەڵبژاردن چەند سزایەک بۆ لایەنی سەرپێچیکار دەست نیشان کراوە.