رووماڵ

ئاسایشی یەکێتیی ڕێگریی لە تیمی کوردستان24 دەکات

پەیامنێری کوردستان24 لە بەدواداچوونێک بۆ نوێنەری بابیلۆن لە شارباژێر، بۆ ئەوەی ڕای هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە وەربگرن لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی شارباژێڕەوە ڕێگریی لێ دەکرێت.

لە بەدواداچوونەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە ڕای چەند کەسێكی لە چوارتا وەرگرتووە، بە گوتەی خۆیان "تووشی حەپەسان بوونە لەو بابەتە، چونکە هیچ کەنیسەیەک لە چوارتا نییە و ئەو ڕێژە دەنگەی نوێنەری بابیلۆن لە دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان بەدەستی هێناوە سەر بە گرووپێکی حەشدی شەعبییە."

پەیامنێری کوردستان24 لەسەر زاری ئەو هاووڵاتییانەوە دەیگێڕیتەوە "شارباژێڕ لانکەی شۆڕش بووە و شوێنی خەبات و چالاکیی یەکێتیی نیشتمانی بووە، بەڵام ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکەی دەنگی بە نوێنەرێکی کلدانیی حەشدی شەعبی داوە."

هەروەها هاووڵاتییانی شارباژێر بە پەیامنێری کوردستان24ـیان ڕاگەیاندووە "هیچ بێگانەیەک نایەتە چوارتا زەوی و موڵک بکرێت و نیشتەجێ بێت."
 تیمی ئاسایش ڕێگرییان لە تیمی کوردستان24 کردووە لە گرتنی دیمەنی ئەو ناوچە و خەڵکەکەی، پێشیان ڕاگەیاندوون  "دەبێت بە زووترین کات چوارتا چۆڵ بکەن، ئەگینا دەسگیر دەکرێن و دەست بەسەرتان دەکەین."  

لە دەنگدانی تایبەتی دوێنێ، لە سنووری شارۆچکەی شارباژێری بازنەی سلێمانی، لە کۆی هەزار و 629 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبووە و هەزار و 606 کەس دەنگیان داوە. بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمان دەنگەکانی نوێنەرەکەی ڕەیان کلدانییە، کە چواردە هێندەی یەکێتی دەنگەکانی بردووە، کە دەکاتە %61ی دەنگدانی تایبەتی شارباژێر، لە کاتێکدا هیچ هاووڵاتییەکی پێکهاتەی کلدانی لە ناوچەکە نیشتەجێ نین.

بە گوێرەی ئەو ئامارەی بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان24 گەیشتووە، لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە بنکەی دەنگدانی شارباژێر (چوارتا)، ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانەکە بەمشێوەیە بووە:

دەنگدەر 1629

دەنگی دراو 1606

دانا ئامانج نوێنەری ڕەیان کلدانی 1000 دەنگ 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 135 دەنگ

نەوەی نوێ 48 دەنگ 

بەرەی گەل 3 دەنگ.