لە هەڵەبجە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان وێنەی دەنگدانەکانیان دەگرن

پەیامنێری کوردستان24، لە هەڵەبجە ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵەبجە هەندێک کێشەی تێ کەوتووە، کە هەندێک لە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ژوورەوە، مۆبایلەکانیان بردووە و ویستوویانە وێنەی دەنگدانەکەیان بگرن، ئەمەش گرفتی لەلایەن نوێنەری لایەن و هێزە سیاسییەکان دروست کردووە و دەڵێن: بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆمیسیۆن ڕێگە نابێت دەنگدەر مۆبایلەکەی بباتە ژوورەوە.
لەوبارەوە، ئەنوەر عومەر، بەرێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "نوێنەری لایەنە سیاسییەکان پێیان باش نییە مۆبایلەکانیان ببەنە ژوورەوە، ئەو گرفتە چارە دەکەین، چونکە ڕەنگە دەنگدەرێک پێی خۆشبێت وێنەیەکی دەنگدان بگرێت و لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی بڵاوی بکاتەوە، بۆیە تۆ ئازادی دەنگ بەکێ دەدەیت."
گوتیشی: "من خۆم لەگەڵ کۆمیسیۆن قسەم کردووە، گوتم ئاساییە یاخود نا، گوتیان ئێمە شوێنمان نییە ئەو مۆبایلانە بپارێزین و بەهیچ شێوەیەک وەری ناگرین."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:
بازنەی هەولێر: 62 بنکە
بازنەی سلێمانی: 57 بنکە
بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.