ئازاد تۆفیق: لە هەڵەبجە پرۆسەی دەنگدانی هێزە تایبەتەکان بە ئارامی بەڕێوە دەچێت

پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند: "لە هەڵەبجە پرۆسەکە بە ئارامی و شەفافی دەستی پێ کردووە، هیوادارین هەر بەو جۆرەش تەواو بێت هێزەکانیش بە پێی توانای خۆیان هەر کاتژمێرێک دەتوانن و پێش تەواو بوونی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆن دایناوە، دەنگ بدەن."
ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئۆکتۆبەری 2024، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە هەڵەبجە، پرۆسەیەکی ئارام بۆ دەنگی تایبەت لە هێزەکانی ناوخۆ، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی و لەو هێزانەی کە ئەمڕۆ دەبێت لە بنکەی مامۆستا بورهان 952 هێزی ناوخۆ دەنگ بدەن."
پارێزگار دەڵێت: "هیوادارین چۆن پرۆسەکە بە ئارامی و شەفافی دەستی پێ کردووە، هەرواش کۆتایی پێ بێت هەروەها هەر 952 کەسەکە بە پێی توانای خۆیان هەر کاتژمێرێک دەتوانن و پێش تەواو بوونی ئەو وادەیەی کۆمیسیۆن دایناوە بەشدار بن."
ئازاد تۆفیق ڕاشیگەیاند: "شارەکەمان شاری ئارامی و ئاشتییە، نموونەین لە عێراق و کوردستاندا. سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکان کە بەبێ گرفت هاتوون دەنگ بدەن و هەر گرفتێکیش هەبێت پەیوەستە بە کۆمیسیۆن و تەکنیکەوە، کۆمیسیۆن خۆیان بە یەک دەنگ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕێککەوتوون، کە هەر گرفتێک هەبێت چارەی بکەن و هەوڵیش دەدەن هەر 952 کەسە دەنگی خۆیان بدەن."
پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:
بازنەی هەولێر: 62 بنکە
بازنەی سلێمانی: 57 بنکە
بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.