رووماڵ

سەرۆکی کۆمیسیۆن: ڕێژەی ساختەکاری سفرە

لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان قەدەغەیە مۆبایل ببرێتە ژووری دەنگدان

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: "لەسەرانسەری عێراق 165 بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە. کە 12 بنکەی لە شارەکانی دیکەی عێراقە و ئەوانی دیکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانن."

دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 7ـی بەیانی دەرگای دەنگدان کرایەوە، ئامێرەکانیش بەکار خران، هەروەها لەسەرانسەری عێراق 165 بنکەی دەنگدان بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە. کە 12 بنکەی لە شارەکانی دیکەی عێراقە و ئەوانی دیکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەن."

گوتیشی: "پرۆسەکە بەباشی بەڕێوە دەچێت، داواش لە دەنگدەران دەکەین هێمنی بپارێزن، چونکە کات هەیە بۆ دەنگدان، هەروەها چێژ لەو پرۆسەیە ببینن نەوەک ناکۆکی دروست ببێت.، پەیوەندیمان کردووە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان قەدەغەیە مۆبایل ببرێتە ژووری دەنگدان."

باسی لەوەش کرد: "ڕێژەی ساختەکاری سفرە و ناکرێت، لەسەر بابەتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریش ئێمە حالەتی "تەخەتی" مان هەیە کە ئەوانەی سەردانی بنکەی تۆمارکردنیان کردووە لەوێ پەسەند کراوە کە پەنجەمۆری نییە، تانیا ئەوانە "تەخەتی" دیانگرێتەوە، جگە لەوانە نایانگرێتەوە."

کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.

بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.

ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:

بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت

بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت

بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت

بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت

بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و 12 بنکەش لە شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:

بازنەی هەولێر: 62 بنکە

بازنەی سلێمانی: 57 بنکە

بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە

بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە

نەینەوا: چوار بنکە

بەغدا: سێ بنکە

کەرکووک: یەک بنکە

ئەنبار: یەک بنکە

سەڵاحەددین: یەک بنکە

دیالە: یەک بنکە

واست: یەک بنکە

دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.