سەرۆکی لیستی یەکگرتوو: سەرپێچیکاران ترسیان لێ نیشتووە
ئێمە لە ڕووی یاساییەوە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەن و بێدەنگیش نابین لەو بێ ڕێزییەی بەرامبەر بە ئەندامەکەمان کردیان

سەرۆکی لیستی یەکگرتوو ڕایگەیاند "ئەوەی وێنەکەی گرتووە هاتووە و پێی گوتووم دڵگرانم و داوای لێبوردن دەکەم، ناچارکراوم و هەڕەشەم لێ کراوە کە دەبێت وێنەکەی بگرم و بینێرم بۆ سەرووی خۆم."
ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئۆکتۆبەری 2024، کاوە عەلی، سەرۆکی لیستی یەکگرتوو، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هانی هێزەکان دراوە بۆ ئەوەی موبایل ببەنە ژوورەوە بۆ ئەوەی بە بەڵگە بزانرێت دەنگیان بە کێ داوە! بەرپرسی بنکەکان و هۆبەکان، دەسەڵاتی هیچییان نییە، کە ئەگەر لایەنێکی سیاسی نارەزایی دەرببڕیت و پشتگیری لێ بکەن، بە پاڵ نوێنەری لیستەکان دەکەنە دەرەوە کە دەسەڵاتی نییە، هەموو دەسەڵاتەکانیش لە دەستی کۆمیسیۆن وەرگیراوەتەوە."
سەرۆکی لیستی یەکگرتوو دەڵێت: "ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینن ئەوە نموونەیەکە بێدەنگ نابین لێی، ئەو پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە لایەنە سیاسییەکانیش کراوە، ئێمە لە ڕووی یاساییەوە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەن و بێدەنگیش نابین لەو بێ ڕێزییەی بەرامبەر بە ئەندامەکەمان کردیان، کە بەو شێوازە زمان زبری و نا پەروەردەییە ڕووبەرووی ئەندامەکەمان بوونەتەوە."
دەشڵێت: "ئێمە دەمانەوێت وێنەیەکی جوان لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان نیشانی جیهانی بدەین، لێرەشەوە بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەڵێم سەیرێکی دەنگدانی ئەمڕۆ بکەن کە چۆن پێشێلکارییەکان زەقە و ترسییان لێ نیشتووە."
کاوە عەلی ڕاشیگەیاند "هەموو ئەوانەی کە پشتگیرییان لە سەرپێچیکاران دەکەن، هاتوون بە ئێمە دەڵێن 'دڵگرانن و ناچار کراوین و هەڕەشەم لێ کراوە، بۆ ئەوەی وێنەکەی بگرم و بینێرم بۆ سەرووی خۆمان'."